ڤیدیۆ؛ شورتە بە سێ یاریزانی کوردەوە 7 گەر پێشکۆتاییهاتنی خولی عێراق بووە پاڵەوان

18-05-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هاندەرانی شورتە
هاندەرانی شورتە
نیشانەکردن هاندەرانی شورتە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی شورتە 7 گەڕ پێشکۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی عێراق نازناوی خولەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر قوە جەوییە بەدەستهێنا.
 
لە یارییەکی دواخراوی خولەکەدا، کە پێشتر بەهۆی بەشداریکردنی جەوییە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا دواخرابوو، هەردوو یانە لەسەر یاریگەی شەعب رووبەڕووی یەکبوونەوە و شورتە یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
لە خولەکی 26 مەحمود ئەلمواس، هێرشبەر و گۆڵکاری یانەی شورتە بەلێدانێکی بەهێز یەکێک لە جوانترین گۆڵەکانی ئەم وەرزەی تۆمارکرد و پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی پێشخست، نیوەی یەکەم تەنیا ئەم گۆڵەی تێداکرا.
 
لە دەستپێکی نیوەی دووەمدا عەلی حوسنی گۆڵی دووەمی بۆ یانەی شورتە تۆمارکرد و یانەکەی بەتەواوی لە نازناوی خولەکە نزیککردەوە.
 
دوای ئەم دوو گۆڵە جەوییە زۆر هەوڵیدا ئەنجامەکە بگۆڕێت، بەڵام هەوڵەکانیان هیچ بەرهەمێکیان نەبوو و شورتە یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و 7 گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی وەرزی 2021-2022 نازناوی خولەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە، کە ئەمە جاری دووەمە لە سێ وەرزی رابردوودا نازناوەکە دەباتەوە و لە مێژووشدا 6 جار بووەتە پاڵەوانی عێراق.
 
شورتە لەم وەرزەی خولەکەدا لە 31 یارییدا، 26 بردنەوە 4 یەکسانبوون و 1 دۆڕانی هەیە و ئێستا خاوەنی 82 خاڵە.
 
لە ریزەکانی یانەکەی بەغدادا، سێ یاریزانی کورد یارییدەکەن، یاسین کەریمی گۆڵپارێز، نیاز محەممەدی بەرگریکار و ئەحمەد زێرۆی ناوەڕاستکارن، کە ئەمەی دوایینیان بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە