دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا پشتگیری لە دەنیز ناکیی یاریزانی کورد دەکات

18-05-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دەنیز ناکی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا
A+ A-

رووداو دیجیتال

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، بڕیاری خۆی لەسەر یاریزانی تۆپی پێی کورد دەنیز ناکی و یانەی ئامەدسپۆر دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە، دەبێت تورکیا قەرەبووی دەنیز ناکی و یانەی ئامەدسپۆر بکاتەوە. 

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، ئەمڕۆ بڕیاری خۆی دا، لەسەر دۆسیەکانی یاریزانی تۆپی پێی کورد دەنیز ناکی و یانەی ئامەدسپۆر، هەروەها بەڕێوەبەری پێشووی یانەی گالاتەسەرای سێدات دۆغان و دادوەری پێشووی خولی نایابی تورکیا ئیبراهیم تۆکماک، کە داوای یاساییان لەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا تۆمارکردبوو.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، لە بڕیارەکەیدا رایگەیاند، تورکیا مافی ئازادیی رادەربڕینی پێشێل کردووە، بەشێوەیەکی دادپەروەرانەش مامەڵەی لەگەڵ یاریزان دەنیز ناکی و سێدات دۆغان و ئیبراهیم تۆکماکی نەکردووە.

بەپێی بڕیارەکە، تورکیا 658 یۆرۆ وەک قەرەبووی ماددی دەداتە دەنیز ناکی و ئامەدسپۆر، هەروەها بەهۆی زیانی مەعنەویشەوە 6 هەزار یۆرۆ دەداتە یانەی ئامەدسپۆر و بڕی 2 هەزار یۆرۆش پێویستە بداتە دەنیز ناکی.

دوای یارییەکی بۆرساسپۆر لە 31ـی کانوونی دووەمی 2016، دەستەی ناوبژیوانی یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، دەنیز ناکی 12 یاری سڕکرد، کە ئەوکات یاریزانی ئەو یانەیە بوو، هۆکارەکەیشی ئەوەبوو کە پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردبوو، کە گوتبووی "رێگە مەدەن منداڵەکان بمرن، با شەکر بخۆن و بێن سەیری یارییەکان بکەن".

ئەوکات دادگاکانی تورکیا پۆستەکەی ناکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە پڕوپاگەندەی ئایدۆلۆژی و رەفتاری ناوەرزشی لە قەڵەمدا و سزای یاریزانەکەیان بە رەوازانی، بۆیە ناکی و پارێزەرانی یانەی ئامەدسپۆر پەنایان بردە بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کە پێشتر داواکانی قبوڵ کردبوو، داوای لە تورکیا کردبوو  بەرگری لەو پرسە بکات و یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا و وەزارەتی وەرزشی ئەو وڵاتە بە نووسراوێکی فەرمی وەڵامیان دایەوە و پاساوەکانی خۆیان بۆ دادگاکە روونکردەوە، بەڵام دادگاکە ئەمڕۆ بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی یاریزانی کورد، دەنیز ناکی و یانەی ئامەدسپۆر دەرکرد، کە دەنیز ئێستا نیشتەجێی ئەڵمانیایە و پێشتر یاری بۆ هەڵبژاردەی تەمەن خوار 21 ساڵانی ئەڵمانیا کردووە.

دەنیز ماوەی ساڵێکە لە ئەڵمانیا زینداین کراوە، کە بە تاوانی "پێکهێنانی گرووپی تاوانی رێکخراو" لێکۆڵینەوەیەک لەسەری کراوەتەوە.

دادوەر تۆماس بیرتێل، گوتەبێژی دادگای نێودەوڵەتی ئاخن، رایگەیاند "دەنیز و 3 کەسی دیکە تۆمەتبار کراون بە پێکهێنانی گرووپی تاوانی رێکخراو". هەروەها گوتی "ئەگەر ئەو تاوانبارکردنەکە، کە بۆ دادگای ویلایەتی ئاخن بەرزکرابووەوە قبوڵ بکرێت، پێشبینی دەکرێت لە مانگی حوزەیراندا دۆسیەکە بکرێتەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە