"ناوبژیوانان یارمه‌تی رۆناڵدۆیان داوه‌"

18-05-2017
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداوی وه‌رزشی ـ Sport

رۆژنامه‌ی سپۆرتی ئیسپانی نزیك له‌ یانه‌ی بارسێلۆنا، وه‌ك نه‌ریتی خۆی مقۆمقۆی له‌باره‌ی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر نایه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن گۆڤاری فرانس فوتبۆلی فه‌ره‌نسییه‌وه‌ ده‌به‌خشرێت. 

رۆژنامه‌كه‌ دوای سه‌ركه‌وتنی یوڤانتۆس بۆ یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ، دوای بردنه‌وه‌ی له‌ مۆناكۆ به‌ 4 گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك له‌ كۆی هه‌ردوو یاری، وتارێكی بڵاوكرده‌وه‌و باسی پاڵێوراوانی بۆ خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر، بۆ وه‌رزی ئێستا كرد. 

رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌، گۆڵپارێزی ئیتاڵی بۆفۆن شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی پێ بدرێت، چونكه‌ توانی پێشه‌وایه‌تی یانه‌كه‌ی بكات بۆ گه‌یشتن به‌ یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ، به‌ڵام یاریزانێكی دیكه‌شی بۆ ركابه‌ریكردن له‌سه‌ر خه‌ڵاته‌كه‌ زیادكرد، ئه‌ویش به‌رگریكاری به‌رازیلی دانی ئالڤێشه‌.

 رۆژنامه‌ كه‌تالۆنییه‌كه‌ دووپاتیكرده‌وه‌، ئالڤێشی به‌رگریكاره‌كه‌ی پێشووی بارسێلۆنا، شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ ناوی له‌نێو پاڵێوراوان بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ بێت، به‌هۆی ئاستی به‌رزی ئه‌و وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ یۆڤی، كه‌ توانیویه‌تی 3 گۆڵ دروست بكات و گۆڵێكیش تۆمار بكات. 

رۆژنامه‌كه‌ وه‌ك نه‌ریتێك ناوی ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی ریال مه‌دریدی هێنا، دووپاتیشی كرده‌وه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ ناوی له‌ نێو پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كه‌دا هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و وه‌رزه‌ هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ شایانی باسكردن بێت، پێشیوایه‌ گه‌یشتنی ریال مه‌درید به‌ یاری كۆتایی چامنپیۆنسلیگ و دره‌وشانه‌وه‌ی دۆن، له‌ ئاكامی یارمه‌تیدانی ناوبژیوان له‌ یاری بایرن میونشن له‌ چاره‌كی كۆتایی و ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید له‌ یاری چوونی نیوه‌ی كۆتایی بوو. 

رۆژنامه‌كه‌ گوتیشی "هه‌موو شتێكی تایبه‌ت به‌ باڵۆن دۆر مانگی داهاتوو له‌ شاری كاردیف به‌دیار ده‌كه‌وێ، كه‌ یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ له‌وێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌گه‌ر یوڤانتۆس نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ستبێنێت، بۆفۆن یان ئالڤێش شایسته‌ی به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2017 ده‌بن".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە