تایبەت بە رووداو.. بەر لە یاریی بەرامبەر شورتە یاریزانانی هەولێر هەڕەشە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریزانانی یانەی هەولێر چەند رۆژێکی کەم بەر لە ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شورتە، لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، هەڕەشە لە کارگێڕیی یانەکەیان دەکەن.
 
هەولێر لە دۆخێکی دارایی خراپدا تێدەپەڕێت، هەفتەی رابردوو بەهۆی ئەوەی نزیکەی سێ مانگە یاریزانەکانیان مووچەیان وەرنەگرتووە، تیپی تۆپی پێی خولی ئەستێرەکانی عێراقی یانەکە بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان کرد، دوای ئەوەش قەحتان جسیر، کە بڕیارە ببێتە راهێنەری یانەکە بەبێ ئاگادارکردنەوەی کارگێڕیی یانەکە گەڕایەوە بەغدا.
 
قەحتان جسیر بۆ جێگرتنەوەی حەیدەر عەبدولئەمیر، وەکو راهێنەری یانەکە دەستنیشانکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا راهێنەرەکە گرێبەستەکەی واژۆنەکردووە و بە کارگێڕیی یانەکەی گوتووە، ناتوانم راهێنەرایەتیی یانەیەک بکەم کێشەی هەبێت، بۆیە تاوەکو کێشەکان چارەسەر نەکرێن گرێبەستەکەم واژۆ ناکەم.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ یاریزانانی یانەی هەولێر دەگەڕێنەوە نێو مەشق و راهێنانەکان و بڕیارە کاژێر 15:30 یانەکە مەشقەکانی ئەنجامبدات و قەحتان جسیریش گەڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا گرێبەستەکەی واژۆنەکردووە.
 
رووداو زانیوویەتی، یاریزانە پیشەگەرەکانی یانەی هەولێر رۆژی چوارشەممە بە کاپتنی یانەکەیان گوتووە، ناگەڕێینەوە بۆ مەشق و راهێنان، بەڵام داوای مۆڵەتیان لێکراوە و بۆ دوو رۆژ بۆ ئەوەی مووچەکانیان بدرێت.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یاریزانانی یانەی هەولێر بەتەواوی لە دۆخی یانەکە نیگەرانن، نزیکەی سێ مانگە مووچەیان پێنەدراوە، بەشێکی یاریزانەکانیش تەنیا 30٪ـی گرێبەستەکانیان پێدراوە و ئەوان دەڵێن "ئەگەر ئەمڕۆ مووچەمان پێنەدرێت ناگەڕێینەوە بۆ نێو مەشق و راهێنانەکان و بە ئەگەری زۆریشەوە یارییەکەیان بەرامبەر شورتە ئەنجامنادەن."
 
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، یاریزانێکی یانەی هەولێر لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندیی بە پارێزگاری هەولێرەوە کردووە بۆ ئەوەی دۆخی دارایی یانەکە چارەسەربکەن و پێیانگوتراوە مووچەکانیان دابیندەکرێت و ئەگەری هەیە ئەمڕۆ بەشێکی مووچەی یاریزانەکان بدرێت.
 
یانەی هەولێر لە جامی عێراق دەرکراوە، لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەکە لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق  خاوەنی 23 خاڵە و لە دوای 21 گەڕ تەنیا 5 یاریی بردووەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، لە رکابەرییەکانی خولەکەدا، یانەی هەولێر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی شورتەی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە یاریی دەکات.