ئاردا گولەر بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە

18-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاردا گولەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کەمی بەشداریکردن لە یارییەکانی یانەی ریال مەدریددا، ئاردا گولەر، ئەستێرەی لاوی تورکیا و یانە ئیسپانییەکە بیر لە رۆیشتن لە یانەکە دەکاتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی، یانەی سێڤییا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەستپێکردووە و دەیەوێت بەشێوەی خواستن یاریزانەکە بباتە ریزەکانی، یاریزانەکەش دەیەوێت تەنیا بەخواستن لە ریال مەدرید بڕوات، بەڵام ئامانجی ئەوەیە بچێتە یانەیەک کە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا یاری بکات.
 
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی چوونی یاریزانەکەوە لە یانە ئیسپانییەکە بڵاوبوونەوە، رێلیڤۆ پێشتر رایگەیاندبوو، ئەنچێلۆتی پێشوازی لە بیرۆکەی رۆیشتنی یاریزانەکە دەکات.
 
پێشتر ناوی ئاردا گولەر بەیانەی ئەیسی میلانەوە بەسترابووەوە، بەڵام میلان بەبێ مەرجی کڕینەوە نایەوێت یاریزانەکە بگوازێتەوە بۆ ئەوەی هەمان سیناریۆی براهیم دیاز لەگەڵ ریال مەدرید دووبارە نەبێتەوە.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگ دەڵێت "ئاردا گولەر و بەڕێوەبەری کارەکانی، ئێستا بیر لە هیچ بژاردەیەک ناکەنەوە، بەهۆی ئەوەی یانەکەی لە چامپیۆنزلیگدا ماوە و وەرزەکە هەستیارە، پرسی تایبەت بە ئەگەری رۆیشتنی یاریزانەکە دەکەوێتە دوای کۆتاییهاتنی وەرزەکە."
 
ئاردا گولەر، لە هاوینی 2023 لە یانەی فێنارباخچەی تورکییەوە پەیوەندیی بە ریال مەدرید کردووە، یاریزانەکە تاوەکو ئێستا تەنیا بەشداریی لە 7 یاریی یانەکەدا کردووە، کە هیچ یەکێک لەو یارییانە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا نەبووە و بەشێوەیەکی گشتی 98 خولەک یارییکردووە و گۆڵێکی تۆمارکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە