رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی مانچێستەر سیتی بەدەستهێنا و چەند ئامارێکی نوێی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا تۆمارکرد.
لە یارییەکەدا کە لە یاریگەی ئیتیحاد بەڕێوەچوو، لەکاتی ئاسایی و زیادکراودا هەردوولا بە گۆڵێک بۆ هەر لایەک یەکسانبوون، بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە یانەی ریال مەدرید 4-3 یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
دوای ئەم یارییە و گەیشتنی بە قۆناخی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یانەی شاهانە چەند ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد، کە بەمشێوەیەن.
* ریال مەدرید یەکەم یانەیە لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا 33 جار گەیشتبێتە قۆناخی پێشکۆتایی، نزیکترین یانە لە یانە ئیسپانییەکەوە بایرن میونشنە کە 21 جار سەرکەوتووە.
* یانەی ریال مەدرید لە وەرزی 2003-2004ـەوە لە قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا نەکراوەتە دەرەوە.
* یانەی ریال مەدرید هەرگیز دوو وەرز بەدوای یەکدا لە چامپیۆنزلیگدا بە یانەیەک نەدۆڕاوە.
* مانچێستەر سیتی 27 یاری بوو هیچ یارییەکی نەدۆڕاندبوو، ریال مەدرید لێیبردەوە.
* مانچێستەر سیتی 20 یاریی رابردووی لە یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاندبوو، ریال مەدرید ئەوەشی شکاند.
* ریال مەدرید بۆ یەکەمجار لە یاریگەی ئیتیحاد سەرکەوتنی بەرامبەر مانچێستەر سیتی بەدەستهێنا.
*کارلۆ ئەنچێلۆتی 5 وەرز راهێنەری ریال مەدرید بووە 5 جار گەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
* کارلۆ ئەنچێلۆتی یەکەم راهێنەرە لە 3 وەرزی جیاوازدا پێپ گواردیۆلا لە چامپیۆنزلیگ بکاتە دەرەوە، قۆناخی پێشکۆتایی 2014 بەرامبەر بایرن میونشن، قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی 2022 بەرامبەر مانچێستەر سیتی، قۆناخی پێشکۆتایی 2024 بەرامبەر مانچێستەر سیتی.
* ریال مەدرید لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بایرن میونشن یاریی دەکات، ئەمە جاری 25ـەمە بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن، کە زۆرترینجارە هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بایرن میونشن رۆژی 30ـی ئەم مانگە لە ئالیانز ئارێنا بەڕێوەدەچێت، رۆژی 7ـی مانگی داهاتوو یاریی گەڕانەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ