دادگا لە بەرژەوەندی رۆناڵدۆدا بڕیارێکی دەرکرد

18-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یوڤێنتوس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، لە شەڕێکی یاساییدا بەرامبەر یانە کۆنەکەی، یوڤێنتوسی ئیتاڵی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دادگا یانەی خانمە پیرەکە ناچاردەکات پاداشتەکانی رۆناڵدۆ بدات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی یانەی نەسڕی سعودیە، لەو داوایەیدا کە لەسەر یانەی پێشووی یوڤینتوس لە دادگا تۆماری کردبوو، سەبارەت بە نەدانی پاداشتەکانی، سەرکەوتنی بەدەستهێنا و نیوەی پارەکانی وەردەگرێت.
 
بەگوێرەی میدیای ئیتاڵیا، یانەی خانمە پیرەکە دۆسیەیەکی دادگایی لە دژی هێرشبەر و  ئەستێرەی پێشووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دۆڕاند، و دەبێت بەفەرمی نزیکەی 10 ملیۆن یۆرۆ بداتە هێرشبەرە پورتوگالییەکە.
 
رۆناڵدۆ شەڕێکی یاسایی لەگەڵ یانەکەی پێشووی دەستپێکردبوو، و داوای 19.5 ملیۆن یۆرۆی دەکرد، کە پاداشتەکانی دووجاری پێنەدرابوون لە سەردەمی پەتای کۆڤید-19.
 
دادگا کریستیانۆ رۆناڵدۆی بە خاوەن ماف هەژمارکرد و بڕیاریدا کە یانەی بیانکۆنێری بڕی 9.7 ملیۆن یۆرۆ قەرزداری هێرشبەری پێشوویەتی و دەبێت پێیبدات.
 
یوڤێنتوس لە سەردەمی کۆرۆنادا رێککەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یاریزانانی دیکەی ئەنجامدابوو بۆ دواخستنی پێدانی مووچەکانیان، بەڵام یانەکە نەیتوانی فیدراسیۆنی ئیتاڵیا ئاگاداربکاتەوە و لە راپۆرتە داراییەکانیشیدا ئاماژەی بۆ نەکردبوو.
 
سەبارەت بەوەی بۆچی یوڤێنتوس لەلایەن دادگاوە ناچار دەکرێت کە تەنیا نیوەی ئەو پارەیە بە رۆناڵدۆ بدات کە داوایکردووە، میدیاکان رایانگەیاند کە دادگای بڕیاریداوە رۆناڵدۆ و یوڤێنتوس بەرپرسیارێتی هاوبەشیان هەیە، بۆیە بیانکۆنێری تەنیا نیوەی قەرزەکە دەداتە کریس کە 19.5 ملیۆن یۆرۆیە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە ساڵی 2021 یوڤێنتوسی جێهێشت، دوای سێ ساڵ لە تۆرینۆ، لەو ماوەیەدا لە 134 یارییدا 101 گۆڵی تۆمارکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە