لێدوانی راهێنەران.. سپالێتی گەشبینە و پیۆلیش ناترسێت

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ناپۆلی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی دییگۆ مارادۆنا میوانداری یانەی میلان دەکات، کە یاریی چوون بە بردنەوەی ئەمەی دوایی بە ئەنجامی 1-0 کۆتاییهاتووە.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا بەشدارییان کرد و قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانی هەردووکیانە:
 
لوچیانۆ سپالێتی، راهێنەری یانەی ناپۆلی:
 
ئێمە دەمانەوێت بەردەوام بین لە بەشداریکردن لەم پاڵەوانێتییەدا، دەمانەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنین، بۆیە بە ئامانجی بردنەوە دەچینە ئەم یارییە، بە پاراستنی هاوسەنگی سروشتی خۆمان، بەبێ ئەوەی هیچ کارێکی زیادە لە تواناکانمان بکەین، ئەوکات دەزانین کە تا چەند باشترین، و دۆخی خۆمان هەڵدەسەنگێنین، بەڵام ئەگەر بۆ بەرگریکردن لەوەی تاوەکو ئێستا بەدەستمانهێناوە بچینە نێو یاریگە، مانای ئەوەیە باوەڕمان بەوە نییە کە دەتوانین شتێکی باشتر بەدەستبهێنین، بەڵام باوەڕمان وایە کە دەتوانین زیاتر بەدەست بهێنین.
 
هەمیشە دوو نیشانە لە پشت سەرکەوتنەوە هەیە، چوونە ژوورەوە و دەرچوون، بۆیە دڵخۆش نابم ئەگەر نیشانەی دەرچوونم ببینم، تەنیا بە سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو دڵخۆش دەبم، ئەگەرنا ئەو دڵنەواییەی گوایە سەرکەوتنێکی گەورەمان لە پاڵەوانێتییەکەدا بەدەستهێناوە تەنیا دڵنەوایی دەبێت، بە کورتی دەبێت ئەوەی لە یارییەکی یەکەمدا کردمان بیکەینەوە، ئێمە پەشیمان نین لەوەی کردوومانە.
 
 
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری ئەی سی میلان:
 
ئێمە هاتووین بۆ ئێرە بۆ بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ، ئێمە مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێک دەکەین لە کاتی خۆیدا، ئەگەر بیر لەم پاڵەوانێتییە بکەینەوە، زنجیرە ئەنجامێکی نایابمان هەبووە، ئەگەر ئەو خاڵە لەبەرچاو بگرین کە  سێ ساڵ لەمەوبەر لێیەوە دەستمان پێکردووە، ئێستا کێبڕکێ دەکەین بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ. بە تەواوی سەرنجمان لەسەر ئەم یارییەیە، بەڵام لە کۆتاییدا باسی وەرزەکەمان دەکەین نەک ئێستا.
 
بەدڵنیاییەوە، ئەرکمان زەحمەتە، چونکە ئێمە بە جیاوازییەکی کەم لەپێشەوەین، بەرامبەر تیپێک یاری دەکەین کە لەم وەرزەدا لە دوانزە یاری رابردووی چامپیۆنزلیگدا لەسەر یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاوە، بەتێکڕا لە هەر یارییەکدا سێ یان چوار گۆڵیان تۆمارکردووە بەرامبەر لیڤەرپوول، ئەیاکس و رێنجەرز و لە قۆناخی 16 بەرامبەر فرانکفۆرت. پێویستە پابەندبین بە پلانەکەمانەوە بۆ ئەوەی یارییەکی بەکۆمەڵ بکەین و کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەین، چونکە ئەوە بۆ ئێمە گرنگ دەبێت.