بنزیما بە بیرەوەریی سەرنجڕاکێشەوە دەچێتەوە ستامفۆرد بریچ

18-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کەریم بنزیما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دەیەوێت درێژە بە ئاستبەرزییەکەی و مێژووە گەشەکەی بدات لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی چێڵسی یارییدەکات.
 
یانەی شاهانە لە یاریی چووندا، لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە چێڵسیی بردووەتەوە و ئەمشەو کاژێر 22:00 لە ستامفۆرد بریچ لە یاریی گەڕانەوەدا میوانی یانە لەندەنییەکەیە.
 
سەرکردەی ریال مەدرید کەریم بنزیمایە، یاریزانەکە بەرامبەر یانە ئینگلیزەکان ئامارەکانی زۆرباشن و لە یاریی چوونیشدا گۆڵێکی لە چێڵسی کرد.
 
کەریم تاوەکو ئێستا بەرامبەر یانەکانی ئینگلتەرا 20 گۆڵی تۆمارکردووە، جگە لە لیۆنێل مێسی، کە 27 گۆڵی بەرامبەر یانەکانی ئینگلتەرا تۆمارکردووە، هیچ یاریزانێکی دیکە لە بنزیما زیاتر گۆڵی بەرامبەر ئەو یانانە نەکردووە.
 
زۆرترین گۆڵی بنزیما بەرامبەر یانەکانی ئینگلتەرا بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول بووە، 7 گۆڵی لەو یانەیە کردووە، بەرامبەر هەریەکە لە چێڵسی و مانچێستەر سیتی 6 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە بیرەوەریی خۆشی بەرامبەر یانەی چێڵسی هەیە، یاریزانەکە وەرزی رابردوو لە دوو یاریی چوون و گەڕانەوەدا چوار گۆڵی لەو یانەیە تۆمارکرد، کە هاتریکی لە یاریگەی ستامفۆرد بریچ بوو و لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانی هەردوو یانەدا بنزیما گۆڵکارە و لە دوایین 3 یاریی نێوانیاندا 5 گۆڵی کردووە.
 
جگە لەوەش دوایین 11 گۆڵی کەریم بنزیما لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، هەمووی بەرامبەر یانەکانی ئینگلتەرا بووە.
 
کەریم بنزیما یاریزانێکی یەکلاکەرەوە و گرنگە لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوەدا، یاریزانەکە لە دوایین 9 یاریی ئەم قۆناخانەدا 14 گۆڵی کردووە و دوو گۆڵی دروستکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە