ئەنچیلۆتی بۆ یاریی چێڵسی هۆشداری دەداتە یاریزانەکانی

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دووپاتیکردەوە کە یارییەکەیان بەرامبەر چێڵسی زەحمەتە و گوتی "هێشتا 90 خولەکمان ماوە بۆ یاریکردن و دەزانین لە چامپیۆنزلیگدا هەموو شتێک دەکرێت رووبدات". هەروەها گوتیشی "دەبێت یاریی گەڕانەوەی ساڵی رابردوومان بەرامبەر چێڵسی لەبیربێت".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی چێڵسی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا میوانداری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات، کە یاریی چوون بە بردنەوەی یانەی ئیسپانییەکە بە ئەنجامی 2-0 کۆتاییهاتووە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی "وەک هەمیشە پێمانوایە یارییەکی گرنگە لە پاڵەوانێتییەکی گرنگدا، دەزانین پێویستە ئاستێکی بێ کەموکوڕی پێشکەش بکەین، چونکە هێشتا 90 خولەکمان ماوە بۆ یاریکردن و دەزانین لە چامپیۆنزلیگدا هەموو شتێک دەکرێت رووبدات".
 
راهێنەری ئیتاڵیی یانە ئیسپانییەکە، زیاتر گوتی "ئێمە بەتەواوی ئاگادارین لەوەی کە دەبێت چی بکەین لەم یانەیەدا، کە تەنیا بۆ بردنەوە نییە لە هەموو یارییەک بەڵکو بۆ رکابەریکردنە، بە هەموو توانامانەوە تا کۆتایی شەڕ دەکەین. لەوانەیە بەختمان باش بێت و لە قۆناخی پێش کۆتاییدا دووبارە یاری بکەینەوە و لەوانەیە لە یاریی کۆتاییش، بەڵام دەبێت بۆ هەر یارییەک لە کاتی خۆیدا گرنگی پێبدەین، ئەگەر جارێکی دیکە سەرکەوتوو بین لە گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی، ئەوا ئەمساڵ کارێکی باشمان کردووە".
 
کارلیتۆ جەختی لەوە کردەوە کە یارییەکە زەحمەت دەبێت و هۆشداری دایە یاریزانەکانی و گوتی "پێمانوانییە یارییەکە ئاسان بێت، پێچەوانەکەیە، یاریزانەکان ئەوە دەزانن و پێویست ناکات بیریان بخەمەوە، چونکە ئەوان شارەزای ئەم پاڵەوانێتییەن. سەختترین یاری ئێمە ساڵی رابردوو لەم پاڵەوانێتییەدا یاریی گەڕانەوەی چارەکی کۆتایی بوو بەرامبەر چێڵسی، ئێمە لە یاریی چووندا لەپێشەو بووین، بەڵام نەمانزانی چی روویدا، لەو یارییەدا ئازارێکی زۆرمان چەشت، هیوادارین سبەی ئازارەکانمان کەمتر بن".