مۆندیالی لاوان لە ئەرجەنتین دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، رایگەیاند جامی جیهانیی لاوانی خوار تەمەنی 20 ساڵان، لە ئەرجەنتین ئەنجامدەدرێت لە بری ئیندۆنیزیا.
 
فیفا رایگەیاندووە پاڵەوانێتییەکە لە ماوەی نێوان 20ی مانگی پێنج تاوەکو 11ی مانگی شەشی ئەمساڵ لە ئەرجەنتین، لە بری ئیندۆنیزیا ئەنجامدەدرێت، پاشئەوەی مافی میوانداریکردنەکەی لەو وڵاتە سەنرایەوە بەهۆی رێگەنەدان بەبەشداریکردنی هەڵبژاردەی لاوانی ئیسرائیل.
 
فیفا رایگەیاندووە، کۆبوونەوەی نووسینگەی ئەنجوومەنی گشتیی فیفا، بڕیاریداوە کە ئەرجەنتین ببێتە میوانداریکەری جامەکە و پاڵەوانێتییەکە بەبەشداری 24 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت.
 
پێشتر هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجەنتین شەش جار نازناوی مۆندیالەکەی بەدەستهێناوە کە ژمارەی پێوانەییە و زۆرترینە. ئەرجەنتین ئەو پاڵەوانێتییەی لە 2001دا میوانداریی کردبوو.
 
فیفا ئەوەشی راگەیاندووە کە رۆژی هەینی داهاتوو، تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە لە بارەگای فیفا لە شاری زیوریخی سویسرا ئەنجامدەدرێت.
 
چەند کاژێرێکی کەم بەر لە بڕیاردان لە وڵاتی میوانداریکەری پاڵەوانێتییەکە، ئەرجەنتین ئامادەیی خۆی بۆ رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە راگەیاندبوو، پاشئەوەی مافی میوانداریکردنی لە ئیندۆنیزیا وەرگیرا.
 
پێشتر سێرجیۆ ماسا، وەزیری ئابووریی ئەرجەنتین و کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین، دەستبەرە داواکراوەکان لەلایەن فیفاوە بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە واژۆ کردبوو.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین لە ڤیدیۆیەکی تۆمارکراودا رایگەیاند کە سەردانی شاندی تەکنیکیی فیفا بۆ یاریگە و شوێنی مانەوەی هەڵبژاردەکان و یەکەی مەشقەکان تەواو بووە.
 
بڕیاربوو ئیندۆنیزیا رێکخەری پاڵەوانێتییەکە بێت، بەڵام بەهۆی رێگەنەدانی بەرپرسی دوو ویلایەتی ئەو وڵاتە بەچوونی هەڵبژاردەی ئیسرائیل بۆ نێو ویلایەتەکانیان، فیفا مافی میوانداریکردنەکەی لە ئیندۆنیزیا سەندەوە.