دێربیی ریاز.. رۆناڵدۆ بەهێزترین یاریی دەکات

کریستیانۆ رۆناڵدۆ

رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهێزترین یاریی لە خولی تۆپی پێی سعودیە دەکات، کاتێک بەرامبەر یانەی هیلالی بەنێوبانگترین یانەی وڵاتەکە یارییدەکەن.
 
لە رکابەرییەکانی خولی سعودیە و لە یارییەکانی گەڕی 25ـی خولەکەدا، لە یاریگەی شا فەهد، یانەی هیلال میوانداریی یانەی نەسڕ دەکات، یاریگەکە 68 هەزار هاندەر دەگرێت و چاوەڕواندەکرێت زۆرترین هاندەر ئامادەی یارییەکە ببن.
 
ئەم یارییە یەکەم یاریی نەسڕە، دوای دوورخستنەوەی رودی گارسیا، راهێنەری فەرەنسی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە، بۆیە دێنکۆ ژێلیچیچ، راهێنەری کرواتی و تیپی لاوانی یانەکە بەشێوەیەکی کاتی راهێنەری یانەی نەسڕ دەبێت تاوەکو دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ بۆ یانەکە، کە ناوی چەند راهێنەرێکی گەورە بە یانەکە بەستراوەتەوە، لەوانەش زیدان و مۆرینیۆ.
 
بەر لەم یارییە یانەی نەسڕ لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 53 خاڵ و 3 خاڵ لە یانەی ئیتیحادی یەکەمی ریزبەندی خولەکەوە دوورە، یانەی هیلال ئەنجامەکانی وەک پێویست نین و بە کۆکردنەوەی 46 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندە و لە سێ یاریی رابردووشدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە.
 
یارییەکە رکابەرییەکی لە مێژینەی نێوان هەردوو یانەیە، بەڵام پەیوەندیکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە نەسڕەوە، یارییەکە دەباتە قۆناخێکی دیکەوە.
 
جگە لەوەی هەردوو یانە گەورە و بەنێوبانگن، لە رکابەریکردن لەسەر گۆڵکاری یانەکەش دوو یاریزانی هەردوو یانە رکابەری یەکدی دەکەن، ئاندێرسۆن تالیسکای بەرازیلی لە یانەی نەسڕ خاوەنی 16 گۆڵە، ئودیۆن ئیهالۆی نەیجیری و یاریزانی یانەی هیلال بەهەمان شێوە 16 گۆڵی هەیە و لە پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەدان.