پاریس کار بۆ گرێبەستێکی گەورە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

داهاتووی کریستۆڤ گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان پرسیاری زۆری لەسەرە و بە ئەگەری زۆرەوە، راهێنەرەکە لە کۆتایی وەرزدا لە کارەکەی دووردەخرێتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەی یانەی پاریس سانجێرمان نزیکە لە بردنەوەی نازناوی خولی فەرەنسا، بەڵام 8 یاریی لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی گالتێ دۆڕاندووە، لە خولەکی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە قۆناخی 16 دەرکرا، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە بەرپرسانی یانەکە لە راهێنەرەکە ناڕازی بن و ئەگەری هەیە لە هاویندا لە پۆستەکەی دووریبخەنەوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا و ئیسپانیا، پاریس سانجێرمان دەیەوێت هەرچی زووە ناوی راهێنەرێک بۆ شوێنی ئەو راهێنەرە مسۆگەربکات، بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بکەن و تیپێکی بەهێزیان بۆ ئامادەبکات.
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، پاریس سانجێرمان لە پشت دەرگا داخراوەکان گفتوگۆ لەبارەی جۆزێ مۆرینیۆوە دەکات، دوای ئەوەش دەیەوێت کار بۆ ئەوە بکات، کە چۆن دەتوانێت مۆرینیۆ لە رۆماوە بباتە فەرەنسا.
 
بەپێی رۆژنامەکە، مۆرینیۆ نزیکە یانەی رۆما بەجێبهێڵێت، لەکاتێکدا تیپێکی بەهێزی بۆ رۆما دروستکردووە و یانەکە رکابەری لەسەر گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکات.
 
جگە لە یانەی پاریس سانجێرمان، یانەی نەسڕی سعودی بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ مۆرینیۆ دەکاتەوە و ئامادەیە 120 ملیۆن یۆرۆ بداتە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە، بەڵام زەحمەتە مۆرینیۆ بەو دەستەوارەیە رازی ببێت و ئەگەری هەیە لە کۆتاییدا بە تاقیکردنەوەی خولی فەرەنسا رازی ببێت، بەتایبەت کە مۆرینیۆ، لە پۆرتوگال، ئیسپانیا، ئینگلتەرا و ئیتاڵیا کاریکردووە و ئەزموونێکی گەورەی لە کاری راهێنەرایەتیدا هەیە.