خەڵاتێکی سەرنجڕاکێش بۆ لوکا مۆدریچ

18-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی یانەی دینامۆ زەگریبی کرواتی، لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی بەنێوبانگی وڵاتەکەیان و یانەی ریال مەدرید بە دیارییەکی سەرنجڕاکێش خەڵاتدەکەن کە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانە کرواتییەکە بڕیاریانداوە یاریگەی مەشقی یانەکەیان بە ناوی لوکا مۆدریچ بکەن، وەک رێزلێنان لە کاروانی یارییکردنی یاریزانەکە، لەکاتێکدا هێشتا لوکا لە یارییکردن بەردەوامە.
 
بەپێی هەواڵی مارکا، بەرپرسانی یانەی دینامۆ زەگریب، بەیەکەوە کۆبوونەتەوە و دوای ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسەوە کرا، زۆرینەی بەرپرسانی یانەکە لەگەڵ بۆچوونەکەدا بوون و بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا کە ئەو رێزلێنانە بۆ مۆدریچ بکرێت، لەکاتێکدا پێشنیازی ئەوان ئەوەبوو یاریگەکە بەناوی ئەستێرەیەکی پێشووی یانەکەوە بکرێت، بەڵام مۆدریچ زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا.
 
لوکا مۆدریچ، لەو ئەستێرە دیارانەیە کە سەرەتای دەرکەوتنی لە یانەی دینامۆ زەگریب بووە، پێشتر یاریزانەکە لە 2000 تاوەکو 2008 لە تیپی لاوان و یەکەمی یانەکە یارییکردووە، لەگەڵ ئەو یانەیە لە 73 یارییدا لوکیتا 22 گۆڵی تۆمارکردووە و 21 ئاسیستی هەبووە.
 
جگە لەوەش 6 نازناوی لەگەڵ دینامۆ زەگریب بردووەتەوە، 3 نازناوی خول، دوو نازناوی جامی کرواتیا و نازناوێکی جامی سوپەری کرواتیا.
 
لوکا مۆدریچ لە 2008 لە دینامۆ زەگریبەوە چووە یانەی تۆتێنهام، دوای ئەوەش لە 2012 یانە ئینگلیزییەکەی بەرەو ریال مەدرید بەجێهێشت، ئێستاش یاریزانەکە لەسەر ئاستەبەرزەکەی بەردەوامە و زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، دەیەوێت لە ریال مەدرید واز لە یارییکردن بهێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە