کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەر لە یارییەکەی چێڵسی و ریال مەدرید

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆد بۆیلی، خاوەنی یانەی چێڵسی ئینگلیزی لە ئاست و ئەنجامەکانی یانەکەی ناڕازییە و بە ئاشکرا ئەوەی بە یاریزانەکانی یانەکەی راگەیاندووە.
 
بۆیلی دوای دۆڕاندنەکەیان بەرامبەر یانەی برایتۆن لە یاریی رابردووی پرێمەرلیگ، لەگەڵ یاریزانانی یانەکەی کۆبووەتەوە و بە ئاشکرا رەخنەی لە ئاستی یاریزانەکان گرتووە و گلەیی خۆی گەیاندووە تیپەکە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، تۆد بۆیلی، خاوەنی یانەی چێڵسی، لەگەڵ هەریەکە لە بەغداد ئیقبال، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە و هانس جۆرج ڤایس، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە چوونەتە ژووری جل گۆڕینی یانەکەیان، دوای ئەوەی لە دوای یارییەکەی بەرامبەر برایتۆن ژمارەیەکی زۆری هاندەر ناڕەزایەتیی خۆیان گەیاندە بۆیلی.
 
تۆد بۆیلی ماوەی 60 خولەک لە ژووری جل گۆڕینی تیپی تۆپی پێی یانەکەیدا ماوەتەوە، بە یاریزانەکانی گوتووە "ئەوەی ئێوە دەیکەن شەرمەزارییە، ئێمە پارەیەکی زۆرمان خەرجکردووە، بۆ ئەوەی لە هەموو ئاستەکاندا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکەین، نەک بەمشێوەیە خراپ بین."
 
خاوەنی یانەی چێڵسی رووی رەخنەکانی کردووەتە یاریزانێکی دیاری تیپەکەی و بێهیوایی خۆی پێشانداوە، بەڵام ناوی یاریزانەکە ئاشکرا نەکراوە.
 
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەڵێت "هەموو ئەوەی روویداوە لە ژووری جل گۆڕیندا سەیر بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تۆد هەوڵیداوە تیپەکەی هانبدات بۆ ئەوەی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە ریال مەدرید بباتەوە."
 
یانەی چێڵسی بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیە گراهام پۆتەر، راهێنەری یانەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە، بەشێوەیەکی کاتی و تاوەکو کۆتایی وەرز فرانک لامپارد، وەک راهێنەری تیپەکە دیارییکراوە، بەڵام لە سێ یاریی یەکەمیدا لامپارد هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە و ئەمشەو بەرامبەر ریال مەدرید یارییدەکات.