شەوێکی ئاگرین.. ناپۆلی دەیەوێت میلان بکاتە خۆشترین ژەمی ساڵ

رووداو دیجیتاڵ

 

خەریکە ئەم قسەیە لە ئیتاڵیا دەبێتە باو، هەمووان لە ناپۆلی دەترسن، کەچی ناپۆلی لە میلان، لە دوورودرێژترین شەوی ساڵدا بۆ باشوورییەکان، 10 مارادۆنا بەرامبەر بە 10 ڤان باستن یاری دەکەن.
 
داهێنەرانی پیتزا هەوڵی ریمۆنتادا دەدەن، یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنایان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی میلان بکەنە خۆشترین ژەمی ساڵ، بەڵام ئەوەشیان لە بیر نەکردووە کە لە یاریی چووندا بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر دۆڕاون، بۆیە ناتوانن سەرکێشیی زۆر بە یارییەکەوە بکەن. 
 
ناپۆلی کە بەر لە چەند رۆژێك لەسەر ئەم یاریگەیە و بەرامبەر بەم درێس و سوور و رەشانە چوار تاکە گۆڵی لێکرا، ترسیان لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ هەیە، لە هەمان کاتیشدا لەسەریانە کە زیاتر لە گۆڵێک لە تۆڕەکەی ماینان بکەن، کەچی بۆ میلان تەنیا یەکسانبوونێک بەسە بۆ ئەوەی وەرزەکەیان رزگاربکەن، بۆ ئەوەی لە ریزی چوار گەورەکەی ئەوروپا خۆیان ببینەوە. 
 
یەکلاکردنەوەی خولی ئیتاڵیا بەزووترین کات کامی دڵی پارتینۆپێیەکان نییە، ئەوان کە بۆ یەکەمجارە لەم قۆناخە یاری دەکەن، دەیانەوێ بەهێزیی و جەربەزەیی ئەم وەرزەیان بقۆزنەوە و تاوەکو دوورترین شوێنی چامپیۆنزلیگ بڕۆن، ئاخر لەسەر کاغەز لەم چوار تیپەی کە یەکێكیان دەگاتە یاریی کۆتایی، هێز و ترسناکیی ناپۆلی لەوانەی دیکە زیاترە، کێ دەڵێ وەرزێكی دیکە، یان دەیان ساڵی دیکە تیپێكی لەم چەشنەیان بۆ دروستدەکرێتەوە؟ 
 
ڤیکتۆر ئۆسیمین، کە یارینەکردنەکەی بە هۆکاری سەرەکی لە خراپ دەرکەوتنی ناپۆلی لە چەند یاریی رابردوودا باس دەکرێت، بۆ ئەم یارییە ئامادەیە و یاریدەکات، بەڵام لە ریزەکانی ناپۆلی ئانگیسا و کیم مین جای، کە دوو پارچەی سەرەکین لە تابلۆکەی سپالێتی ئامادەنابن بەهۆی راگیرانەوە. 
 
ئەوەی هەیە بۆ میلان تەنیا بەرگریکردن نییە لە ئەنجامی یارییەکە، پیۆلی کە باشترین راهێنەر دادەندرێت بەرامبەر بە ئەو پەستانەی ناپۆلی دەیکات، پشت بە هێرشی پێچەوانە دەبەستێت بەتایبەت کە خاوەنی لیاو، تیۆ و برایم دیازە، تۆمارکردنی گۆڵێك لەسەر یاریگەی ناپۆلی مانای زۆر بە یارییەکە دەبەخشێت، کەواتە چاوەڕێ ناکرێت میلان قفڵ لە یارییەکە بدات و تەنیا بەرگری بکات. 
 
مانگی چوار وەک بڵێی بە ساڵێک لە ناپۆلی دەڕوات، ئاخر ئەوان لە ئەپرێلدا دوو جار بە میلان دۆڕاون، ئاخر ئەوان لەسەر یاریگەی خۆیان شا بە سەپان نازانن کەچی سێ یاریی رابردوویان لەم یاریگەیە بە میلان دۆڕاندووە، بۆیە بەهەموو شێوەیەک ئەم یارییە بۆ ناپۆلییەکان یاریی تۆڵەیە. 
 
هاوکێشەکە ئاسانە، گۆڵ لە میلان بکە و سەربکەوە، بەڵام کێ گۆڵ لە میلان دەکات؟ خۆ ئەوان پێنج یارییە لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگدا یەک گۆڵیان لێنەکراوە، هێزی کایەر و تۆمۆرۆ، دەستە پۆڵایینەکەی ماینان هەمیشە لەم وەرزەدا میلانیان پاراستووە، بەڵام ئەمشەو دەبێت ئەوانیش لە باشترین ساتەکانیاندا بن، بۆ ئەوەی ریسەکەیان نەبێتەوە بەخوری.