چامپیۆنزلیگ گڕدەگرێت.. چێڵسی دەیەوێت نیمچە مەحاڵ بکاتە راستی

رووداو دیجیتاڵ

چێڵسیی لەندەنی لە خراپترین دۆخیدا، بە هیوایەکی کەم و بە ورەیەکی لاوازەوە، هەوڵدەدات ریمۆنتادا بەسەر ریال مەدریدی پاشای چامپیۆنزلیگدا بکات، کاتێک ئەمشەو لەسەر یاریگەی ستامفۆرد بریج لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتدا میوانداری دەکات.
 
هیچ شتێک لە تۆپی پێدا مەحاڵ نییە، بەڵام نیمچە مەحاڵ هەیە و لەوانەیە ئەمەی دوایی ناونیشانی راست و دروستی ئەم ریمۆنتادایە بێت بۆ فرانک لامپارد و یاریزانەکانی، چونکە جگە لەوەی ئەوان لە دۆخێکی خراپدان، کە تاوەکو ئێستا بە سەرکردایەتی راهێنەرە نوێیەکەیان لە هەموو یارییەکانیاندا دۆڕاون و لە مەدریدیش بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر شکستیان پێهێنراوە. رکابەرکەشیان ریال مەدریدە، ئەو یانەیەی لەم پاڵەوانێتییەدا لە خراپترین ئاستیشدا بەربژێرە بۆ بردنەوەی نازناوەکە، زێدەباری ئەوەی خاوەنی راهێنەرێکی بلیمەت و زۆر پیشەگەرن، کە هەرگیز رێگە بە هیچ کەسێک نادات کەمتەرخەمی بنوێنێت و بە ئەنجمای یارییەکەی چوون هەڵبخەڵەتێت.
 
ریال مەدرید چووەتە ئینگلتەرا بۆ یەکلاییکردنەوەی بلیتەکەی قۆناخی پێشکۆتایی، بەڵام زۆر باش دەزانێت کە سەرەڕای هەموو ئەوەی ئاماژەمان بۆ کرد، ئەرکی ئاسان نابێت. مێرینگێ یارییەکی زۆر سەختی لەپێشە، کە لەنێوان دوو تیپی براوەی دوایین دوو نازناوی ئەوروپادایە. 
 
ئەنچیلۆتی هانی یاریزانەکانی دەدات کە وەک هەمیشە هاوەسەنگی نێوان بەرگری و هێرشبردن بهێڵنەوە، چونکە کارلیتۆ یەکێکە لەو راهێنەرانەی کە پێیانوایە گرنگیی بەرگری هیچی لە گرنگی هێرشبردن کەمتر نییە، ئەگەر زیاتریش نەبێت. هەر کاتێکیش بەرگری تیپەکەی باش بوو سەرکەوتنەکانی ئاسانتر و زۆرتر دەبن، بە بەڵگەی ئەوەی لە کۆی پێنج یاری رابردوویاندا لە چوار یارییدا تۆڕی گۆڵەکەیان بە خاوێنی هێشتووەتەوە، زێدەباری ئەوەی 16 گۆڵیان تۆمارکردووە.
 
بێگومان تیپەکەی لامپارد هیچی نییە لەدەستیبدات، بۆیە هەموو شتێک دەکەن لەپێناو ئەنجامدانی ئەرکە نیمچە مەحاڵەکە، کە خودی مەدریدییەکانیش ئەو راستییە دەزانن کە تیپەکەی لەندەن سەرەڕای خراپی بارودۆخەکەیان، پڕە لە یاریزانی بەتوانا و کولێتی بەرز، دەکرێت سوپرایزێک بکەن، بەتایبەتی ئەگەر مەدریدییەکان لە رۆژی خۆیاندا نەبن.
 
هەر چۆنێک بێت ریال مەدرید نزیکە لە چوارگۆشەی زێڕین و چێڵسی دوورە لەو ئامانجە، بەڵام یارییەکە سەختە و هەرگیز یەکلایی نەبووەتەوە. مەدریدییەکان دەبێت هەموو شتێک بکەن بۆ مسۆگەرکردن و بەفەرمی کردنی سەرکەوتنەکەیان، لەندەنییەکانیش دەبێت مەحاڵ بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ریمۆنتادا بەسەر ریال مەدریدا بکەن.