شورتە لە چامپیۆنزلیگدا چاوی لە یەکەم بردنەوەیە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی شورتەی عێراقی لە دووەم یارییدا لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، چاوی لە یەکەم بردنەوەیە کاتێک بەرامبەر یانەی ئیستقلالی ئێرانی یارییدەکات.

شورتە لە یاریی یەکەمدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی دحێلی قەتەری دۆڕا، لە یارییەکەی ئەمشەودا کە کاژێر 23:15 دەکرێت، یانە عێراقییەکە چاوی لە بردنەوەی یەکەم سێ خاڵە بۆ ئەوەی لە رکابەرییەکە دوورنەوکەوێتەوە.

ئەلیکساندەر ئێلیچ، راهێنەری شورتە دەڵێت " پێویستە لە یاریی رابردوو باشتربین، سەرەڕای ئەوەی کە رکابەرەکەمان تیپێکی بەهێزە و ئەزموونی زۆری لەم پاڵەوانێتییەدا هەیە".

ئێلیچ زیاتر گوتی " لە پێکهاتەکەدا چەند گۆڕانکارییەک دەکەین، گەڕانەوەی یاریزانە پێکراوەکان پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ ئێمە، ئەزموونمان بەرامبەر ئیستقلال هەیە و پێشتر دووجار بەرامبەر ئەو یانەیە یەکسانبووین، بۆ ئەم یارییەش پلانی نوێمان هەیە".

شورتە لە کۆمەڵەی سێیەم یارییدەکات، لەم کۆمەڵەیەدا جگە لەم دوو یانەیە، یانەکانی دحێلی قەتەری و ئەهلی سعودی یارییدەکەن و رکابەرییەکانی کۆمەڵەکە لە سعودیە دەکرێن.

پێشتر شورتە و ئیستقلال چوار یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، یانە عێراقییەکە دوو یاریی بردووەتەوە، دوو یارییەکەی دیکە بەیەکسانبوون کۆتاییهاتوون، شورتە 7 گۆڵی لە یانە ئێرانییەکە کردووە و 4 گۆڵی لێکراوە.

لە یارییەکی دیکەی بەهێزدا کە لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا دەکرێت، شەباب ئەهلی دوبەی ئیماراتی و هیلالی سعودی بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن.

هەردوو یانە لە یاریی یەکەمیاندا یەکسانبوون، بۆیە چاوەڕواندەکرێت یارییەکی بەهێز لەنێوان هەردوو یانەدا بکرێت، بۆ بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ لە رکابەرییەکەدا.

تایبەتمەندییەکی ئەم یارییە ئەوەیە کە کارلۆ ئیدواردۆی بەرازیلی، یەکێک لە ئەستێرەکانی پێشووی یانەی هیلالی سعودی بەرامبەر هاوڕێکانی یارییدەکات، کە ئێستا لە یانەی شەباب ئەهلی دوبەی یارییدەکات.

چامپیۆنزلیگی ئاسیا

ئەهلی سعودی - دحێلی قەتەری 20:45
شەباب ئەهلی دوبەی ئیماراتی - هیلالی سعودی 22:00
ئاجمکی ئوزبەکستانی - ئیستقلال دۆشنبەی تاجیکستانی 22:00
شورتەی عێراقی 23:15 ئیستقلال تەهرانی ئێرانی