ئەفسانەیەکی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە کۆرۆنا مرد

18-04-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نۆرمان هەنتەر ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی، گیان لەدەستدانی ئەفسانەی خۆی و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، نۆرمان هەنتەری بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.

لیدز یونایتد، کە یەکێکە لە یانە بەناوبانگەکانی ئینگلتەرا و ئێستا لە خولی یانە پلە یەکەکانی ئینگلتەرا یاری دەکات، پێشتر لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاندبوو کە نۆرمان تووشی کۆرۆنا بووە و دۆخی تەندروستییەکەی خراپە، دواتر لە بڵاوکروەیەکی نوێدا مردنی ئەو یاریزانەی پێشووی راگەیاند.

نۆرمان هەنتەر، کە یەکێک بوو لە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرای براوەی نازناوی مۆندیالی 1966، هەرچەندە بەشداری لە هیچ یارییەکدا نەکرد، لە تەمەنی 76 ساڵیدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، ئەگەرچی ماوەی هەفتەیەک لەژێر چاودێری پزیشکی مایەوە، بەڵام بەرگەی نەگرت و نەیتوانی بەسەر ڤایرۆسەکەدا سەرکەوێت.

هەنتەر لە کارونی وەرزشی خۆیدا، لە ماوەی 15 وەرزدا 776 یاری بۆ لیدز یونایتد کردووە، 28 یاری نێودەوڵەتیشی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کردووە و لەگەڵیدا بەشداری لە هەردوو مۆندیالی 1966 و 1970دا کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە