کانتێ سەرقاڵی کاری خێرخوازییە

دوێنێ کاژێر 07:16
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئێنگۆلۆ کانتێ هەڵبژاردەی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئینگۆلۆ کانتێ، ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەی ئیتیحادی سعودی و هەڵبژاردەی فەرەنسا، هەلی راوەستانی یاریی خولەکانی قۆستەوە بۆ سەردانکردنی ماڵباتەکەی لە مالی و ئەنجامدانی کاری خێرخوازی.
 
دیدێ دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، کانتێی بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە بەرامبەر کرواتیا لە نەیشنسلیگ بانگهێشتنەکردووە. ئاشكرایکردبوو ئەو یاریزانە هەندێک کێشەی لە پێکاندا هەیە و لە هاویندا دەگەڕێتەوە ریزەکانی فەرەنسا.
 
لە زنجیرەیەک وێنە و ڤیدیۆدا کە لە ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئەو یاریزانە تەمەن 33 ساڵە لە مالی و لە باماکۆی پایتەختی وڵاتەکە دەردەکەوێت.
 
هەندێک ڤیدیۆی یاریزانەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەریدەخات کە کانتێ سەردانی باڵەخانەیەک دەکات و بەپێی سەرچاوەکان ئەو یاریزانە کۆشکێک بۆ ماڵباتەکەی لە پایتەختی مالی دروستدەکات.
 
کانتێ هەندێک وێنەی لەگەڵ خەڵکی نزیک ناوچەکەی خۆی گرتووە کە بەتایبەت بۆ بینینی ئەو یاریزانە چوونەتە لای.
 
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، کانتێ کە لە فەرەنسا لەدایکبووە، بەشداری لە چەندین چالاکیی خێرخوازیی جیاواز لە وڵاتەکەی خۆی لە رۆژئاوای ئەفریقیا دەکات و پلانی هەیە یاریگەیەک دروست بکات.
 
کانتێ چەند رۆژی داهاتووی پشووەکەی لە وڵاتەکەی بەسەردەبات، بەرلە گەڕانەوە بۆ سعودیە و گەڕانەوە بۆ مەشقەکانی یانەی ئیتیحاد.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، کانتێ تاوەکو ئێستا پێنج ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ باشترکردنی ژێرخانی وڵاتەکەی لە رووی تەندروستی و فێرکردنی منداڵان.
 
کانتێ، هەرئەوەندەی بۆ بڕەخسێت، سەردانی مالی دەکاتەوە و بەتایبەت دەچێتە لای خێزانە هەژارەکان و سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو خۆی یەکێکبووە لەو منداڵانەی لە وڵاتەکەیدا ئازاری زۆری بەدەست برسێتییەوە چەشتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە