یامال دەبێتە یەکەم یاریزانی رۆژووگر لە مێژووی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا

دوێنێ کاژێر 02:38
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال بەڕؤژووبوون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لامین یامال، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماردەکات و دەبێتە یەکەم یاریزان لە مێژووی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا بەڕۆژووبوونەوە یاری بۆ ئەو هەڵبژاردەیە بکات.
 
لامین یامال، تەنیا بە شکاندنی ریکۆردەکان لەنێو یاریگادا رازی نییە، بەڵکو لە دەرەوەی یاریگاش ئەو کارە دەکات.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە لامین یامال بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی هەڵبژاردەکانی ئیسپانیادا کە لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژوو بێت، سەرەڕای بوونی یاریزانانی دیکەی موسڵمان کە لە ساڵانی رابردوودا نوێنەرایەتی تیپەکەیان کردووە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، یامال لە مانگی رەمەزانی 2024 لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا بووە، بەڵام بەڕۆژوو نەبووە، بەڵام بڕیاریداوە ئەمساڵ بەڕۆژوو بێت "سەرەڕای ئەوەی فەتوایەکی بۆ درابوو کە رێگەی بەڕۆژوو شکاندنی لە رۆژانی یارییەکاندا داوە".
 
رۆژنامەکە دووپاتی دەکاتەوە "پێشتر چەند یاریزانێکی موسڵمان پەیوەندییان بە هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە کردبوو، لەوانەش ئاداما تراورێ و ئانسو فاتی، بەڵام ئەوکات هەڵبژاردەی نیشتمانی لە مانگی رەمەزاندا یاری نەکردووە".
 
یامال لەماوەی یاریکردنی لەگەڵ بارسێلۆنا هەمان ئامۆژگاری و رێنماییەکانی بەڕۆژووبوون پەیڕەو دەکات، چونکە لە پاشیڤدا پێویستی بەخواردنەوەی ئاوی زۆر و خواردنی تەواوکەرە خۆراکییەکانە بۆ ئەوەی بەدرێژایی رۆژ تەندروست بمێنێتەوە.
 
یامال لە هەڤپەیڤینێکدا بە ماڵپەڕی DAZN گوت "هەست بە برسێتی ناکەیت، گرنگ ئەوەیە کە ریژەی ئاو لە جەستەدا بپارێزیت، ئەوەش شتێکە کە لە یانەکەدا سووربووم لەسەر جێبەجێکردنی. من کاژێر 5ـی بەیانی لەخەو هەڵدەستم، نوێژ دەکەم و تەواوکەرە خۆراکییەکان دەخۆم بۆ ئەوەی بەدرێژایی رۆژ ئاو لە جەستەمدا بمێنمەوە".
 
یاریزانە ئیسپانییەکە، کە یەکشەممەی رابردوو لە یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەئەنجامی 4-2 گۆڵ بارسا بردییەوە، گۆڵێکی گرنگی تۆمارکرد و پێش هەفتەی فیفا یارمەتی بارسای دا پلەی یەکەمی لالیگا بەدەستبهێنێتەوە.
 
ئەو زیاتر گوتی "کاتێک نان دەخۆم، هەوڵدەدەم دووربکەومەوە لە شەکر و ئاوی زۆر دەخۆمەوە، هەموو شتێک بەتەواوی رێکخراوە".
 
پێنجشەممەی داهاتوو ئیسپانیا لە یارییچوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی نەیشنسلیگدا میوانداریی هۆڵەندا دەکات، پێش ئەوەی لە 23ـی ئادار میوانداری یاریی گەڕانەوە بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە