مێسی ناڕەحەتە و دەبێتە هاندەری هاوڕێکانی

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نیگەرانیی خۆی بەدوورکەوتنەوە لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی راگەیاند و لە پەیامێکدا بۆ هاوڕێکانی لە هەڵبژاردەکە گوتی، منیش هاندەرتانم بۆ بردنەوە.
 
بڕیاربوو مێسی، ئەستێرەی یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکی، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەشداریی دوو یاریی داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو، بەرامبەر هەریەکە لە ئۆرۆگوای و بەرازیل بکات، بەڵام بەهۆی پێکانەوە ئەو ئەستێرەیە لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە.
 
ئەرجەنتین کاروانی بەرگریکردن لە نازناوەکەی مۆندیالی پێشووی لە پاڵاوتنەکانی کیشوەرەکەیدا بەسەرکەوتوویی دەستپێکردووە و پێش یارییەکانی دوو گەڕی داهاتوو، لە پێشەنگی هەڵبژاردەکان دێت.
 
یانەی ئینتەر مەیامی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد، مێسی لە ماسوولکەی دووسەرەی رانیدا دووچاری پێکانبووە و لە دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دادەبڕێت.
 
ئینتەر مەیامی دەڵێ، مێسی پشکنینی 'ئێم ئاڕ ئای' ئەنجامداوە کە تایبەتە بەدەستنیشانکردنی جۆری پێکانەکەی و دەرکەوتووە کە ناتوانێت بەشداربێت لە دوو یاری داهاتووی هەڵبژاردەکەی.
 
مێسی لای خۆیەوە پەیامێکی لەبارەی دوورکەوتنەوەی لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و گوتی: "ناڕەحەتم ناتوانم لەم دوو یارییە گرنگە یەرمەتیدەری تیپەکەم بم، لە دڵەوە دەمەوێت بەشداریبکەم، بەڵام پێکانێکی بچووک واتای ئەوەیە کە پێویستە پشوو وەربگرم، بۆیە ناتوانم بەشداربم، من لێرەوە هانی ئەرجەنتین دەدەم وەکو هەر هاندەرێکی دیکە".
 
لای خۆیەوە، خاڤیێر ماسکێرانۆ، راهێنەری یانەی ئینتەر مەیامی دەڵێ، ئێمە بە وریایی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە دەکەین، خۆشبەختانە پێکانەکەی مێسی قورس نییە.
 
ماسکیرانۆ دووپاتیکردەوە کە ئینتەر مەیامی بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ ستافی پزیشکیی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەیە لەبارەی بارودۆخی مێسییەوە.
 
ئەو دەڵێ، پزیشکانی هەردوو تیپەکە لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان، راستەوخۆ گفتوگۆم لەگەڵ ستافی راهێنەرانی ئەرجەنتین نەکردووە، بەڵام ئەگەر پێویست بوو لەسەر ‌هێڵ دەبم لەگەڵیان.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی 2026ی پێشەنگی کیشوەری ئەمریکای باشووری گرتووە بەکۆکردنەوەی 25 خاڵ لە 12 یاری.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە