پەیامەکەی مێسی کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە

لیۆنێل مێسی
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، کاپتن و ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، پەیامێکی بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال دوورخرایەوە.
 
رۆژی دووشەممە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئۆرۆگوای و بەرازیل راگەیێنرا و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ناوی لیۆنێل مێسیی تێدا نەبوو و هاندەران بەم هەواڵە نیگەران بوون.
 
مێسی لەو بارەیەوە پەیامێکی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە و دەڵێت "بەداخەوە کە لە هەردوو یاریی بەرامبەر ئۆرۆگوای و بەرازیل بێبەش دەبم، وەکو هەمیشە دەمویست بەشداری بکەم، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا تووشی پێکانێک بووم کە مەترسیدار نییە، بەڵام ناچارم ماوەیەک بوەستم، بەر لەوەی بگەڕێمەوە نێو یاریگەکان، بۆیە ناتوانم بەشداری بکەم."
 
لیۆ زیاتر دەڵێت "لێرەوە وەکو هەر هاندەرێکی دیکەی ئەرجەنتین لەگەڵ هەڵبژاردەکە دەبم و پاڵپشتی تیپەکە دەکەم، بۆ پێشەوە ئەرجەنتین."
 
مێسی لە دوایین یاریی یانەکەیدا بەرامبەر ئاتالانتا یونایتد لە ماسوولکەی دووسەری رانیدا تووشی پێکانبووە، بەڵام پێکانەکەی مەترسیدار نییە.
 
ئەرجەنتین لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئۆرۆگوای یاری دەکات، دوای ئەوە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە یاریگەی مونومێنتال لە بۆینس ئایرێس میوانداریی بەرازیل دەکات.
 
ئەم پەیامەی مێسی کاردانەوەیەکی زۆری لەسەرانسەری جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا و هاندەرانی لیۆی نیگەران کرد، بەتایبەتیس کە ئەمجارە چاوەڕوان بوون ئەستێرە دڵخوازەکەیان بەرمابەر بەرازیل یاری بکات.
 
ملیۆنان هەواداری لیۆ لە ئەکاونتە جیاجیاکانی سۆشیال میدیادا هاوسۆزی خۆیان بۆ مێسی و پەیامەکەی نیشاندا و هیوایان خواست پێکانەکەی لیۆ مەترسیدار نەبێت و بەنزیکترین کات بگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.