سەرەڕای مەترسی مردن.. تایسۆن دەست بە بۆکسێن دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

مایک تایسۆن، ئەفسانەی بۆکسێنی ئەمریکی، دوای 19 ساڵ دوورکەوتنەوە، جارێکی دیکە لە ئاڵنگارییەکی شێتانەدا دەگەڕێتەوە نێو حەلەبەکانی بۆکسێن و رووبەڕووی بۆکسێنەرێک دەبێتەوە، کە 30 ساڵ لە خۆی بچووکترە. پزیشکانیش هۆشداری پێدەدەن و دەڵێن "مەترسی لەسەر ژیانت هەیە".
 
مایک تایسۆن، بەردەوام بوو لە هۆشداریدان بە بەرامبەرەکەی، جەیک پاوڵ، پێش رووبەڕووبوونەوەی داهاتووی نێوانیان، کە ئەو "پیاوە رەشئەسمەرە" دوای ماوەیەکی زۆر دوورکەوتنەوە دەگەڕێنێتەوە نێو حەلەبەی بۆکسێن.
 
مایک تایسۆن، ڤیدیۆیەکی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت لەگەڵ راهێنەرەکەی مەشقی قورس ئەنجام دەدات وەک ئامادەکارییەک بۆ یارییەکە.
 
تایسۆن لە ڤیدیۆکەدا رووی قسەکانی دەکاتە رکابەرەکەی و دەڵێت "نازانیت چی چاوەڕێت دەکات؟! ئاگر لە ماڵەکەمدا هەیە"، وەک ئاماژەیەک بۆ بەهێزی راهێنانەکان و ئەوپەڕی جۆش و خرۆشی ئەو بۆکسێنەرە تەمەن 57 ساڵە بۆ ئەو ئاڵنگارییە".
 
تایسۆن دوایین یاریی لە کاروانی خۆیدا لە ساڵی 2005 ئەنجامداوە، دواتر 15 ساڵی تەواو چاوەڕێی یەکەم دەرکەوتنی کرد، کاتێک لە یارییەکی نماییشیدا لە ساڵی 2020 دەرکەوت.
 
تایسۆن بە "ستایلێکی ترسناکەوە" دەگەڕێتەوە
 
مایک تایسۆن لە 20ـی تەممووز لە یاریگای AT&T لە ویلایەتی تێکساس رووبەڕووی جەیک پاوڵی بۆکسێنەری گەنج دەبێتەوە.
 
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە جەیک پۆڵ پێشتر رەتیکردووەتەوە هیچ رێوشوێنێکی خۆپارێزی لە شەڕی داهاتوودا هەبێت بەهۆی گەورەیی تەمەنی تایسۆنەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە یارییەکە بەشێوەیەکی ئاسایی و وەک هەر یارییەکی دیکەی بۆکسێن ئەنجام دەدرێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە تایسۆن هۆشدارییەکی تووندی لەلایەن پزیشکێکەوە پێدراوە بەهۆی تەمەنییەوە، هەروەها ئەو لێکەوتە تەندروستیانەی کە دەکرێت تووشی ببێت ئەگەر بەر بۆکسە بەهێزەکانی گەنجێک بکەوێت کە نزیکەی 30 ساڵ لە خۆی بچووکترە.
 
 

هۆشداریی پزیشکی
 
لای خۆیەوە ستیڤن هیۆز، مامۆستای کۆلیژی پزیشکی، لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی The Conversationـی ئوسترالیدا بڵاویکردووەتەوە، هۆشداری داوەتە تایسۆن لە چوونە ناو شەڕێکی لەم جۆرە و لە لێکەوتە ترسناکەکانی ئاگادارکردووەتەوە.
 
ئەو پزیشکە نووسیویەتی "روودانی خوێنبەربوون لە خوێنبەرە دڕاوەکان دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی خوێن لەسەر مێشکدا، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی سەرلێشێواوی و لەدەستدانی هۆشیاری و کەمئەندامی دەمار و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت ئەگەری هەیە  ببێتە هۆی مردن".
 
دەشڵێت "نەخۆشێکم لەبیرە کە بۆکسێنەر بوو، پێشتر بەهۆی بۆکسێنەوە تووشی نەخۆشی هێماتۆما بووە، تووشی کەمئەندامی جەستەیی و خەمۆکییەکی ترسناک بووە و تاوەکو ئێستاش کاریگەری وێرانکەر و بەردەوامیان لەسەری ماوە".
 
وەک پزیشکان باسی دەکەن، بابەتەکە هەر بەوەندەش ناوەستێت، چونکە مەترسییەکانی دیکەش هەیە کە رووبەڕووی تایسۆن دەبنەوە کە لە ئەنجامی ئەو راهێنانە قورسانەی کە ئەنجامی دەدات، وەک لێدانی ناڕێکی دڵ و تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکانی، کە هەموو ئەمانە لێکەوتەی ترسناکیان دەبێت.
 
مایک تایسۆن، ئەمریکییە و بەر لە چەندین ساڵ رایگەیاند کە بووە بە موسڵمان و ناوی خۆیشی گۆڕی بۆ مالک.