سەرۆکی فیفا هۆشداری دەداتە یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا

رووداو دیجیتاڵ

 

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، لەسەر رووداوەکانی دوای یاریی نێوان هەردوو یانەی ترابزۆن سپۆر و فێنارباخچە، لە رکابەرییەکانی خولی سوپەرلیگی تورکیا هاتە دەنگ.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانە کە شەوی یەکشەممە بەڕێوەچوو، دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە و دۆڕانی ترابزۆن، هاندەرانی یانەی خاوەن یاریگە رێگەیان نەدا یاریزانانی فێنارباخچە لە یاریگەی ئەواندا ئاهەنگی بردنەوە بگێڕن و بەشێکی زۆریان چوونە نێو یاریگە و شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە کەوتە نێوان هاندەرانی ئەو یانەیە و یاریزانانی فێنارباخچە.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لەو بارەیەوە گوتی "ئەو توندوتیژی و ئاڵۆزییەی لە دوای یارییەکەی ترابزۆنسپۆر و فێنارباخچە لە سوپەرلیگدا کرا، بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت، چ لەنێو یاریگە یان لە دەرەوەی یاریگە بێت، کە هیچ شوێنیکی لەنێو و وەرزش و کۆمەڵگەکەماندا نییە".
 
ئینفانتینۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "پێشتریش ئەوەم گوتووە و دووبارەی دەکەمەوە، بەبێ جیاوازی، لە تۆپی پێدا دەبێت هەموو یاریزانەکان سەلامەت بن و دڵنیابن، بۆ ئەو یارییەی دەکەین کە خۆشییەکی زۆر بۆ هەموو جیهان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت".
 
سەرۆکی فیفا لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ئەنجامدەرانی رووداوە شۆکهێنەرەکەی ترابزۆن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە دوای رووداوەکان راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "نابێت گیانی یاریزانەکان بکەوێتە مەترسییەوە و ئەوە لە یاریگەکاندا قبوڵکراو نییە".
 
بەپێی هەواڵی میدیای تورکیا، بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی لە دوای یارییەکە روویدا، تاوەکو ئێستا 12 کەس دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.