ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا لە کلاسیکۆ بێبەش دەبێت

18-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بارسێلۆنا پێدری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، پێدری گۆنزالیس، یاریزانی ناوەڕاستی بارسێلۆنا بەشداری لە یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید ناکات، هەرچەندە ئەو یاریزانە گەڕابووەوە بۆ مەشقکردن لەگەڵ یانەکەیدا.
 
پێشتر پێشبینیکراوبوو پێدری بۆ کلاسیکۆ ئامادە بێت کە سبەی یەکشەممە لەسەر یاریگەی کامپ نۆ بەڕێوەدەچێت، بەڵامدواتر دەرکەوت کە ئەو ناتوانێت بەشداری بکات، لەبەرئەوەی پێکانەکەی چاکنەبووەتەوە و پزیشکان پێیان باش نییە سەرکێشی بەو یاریزانەوە بکرێت.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، "هەموو شت بە ئاراستەی ئەوە بوو کە پێدری بەشداری کلاسیکۆ بکات، بەڵام گۆڕانکاری لە ناکاو لە دۆخەکە روویداوە".
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، هەستی گەشبینی بۆ بەشداریکردنی پێدری لە کلاسیکۆدا، تاوەکو دوو رۆژی رابردوودا باش بوو، بەڵام پاش مەشقەکانی دوێنێ هەینی هیچ هیوایەک نەما، بەڵام دەستەی پزیشکانی بارسێلۆنا، بڕیاری خۆیان داوە و رێگە نادەن یاری بکات.
 
بەپێی ئەو پشکنینانەی کە بۆ پێدری کرابوون لە رۆژانی رابردوودا، ئەو یاریزانە لەسەداسەد بۆ کلاسیکۆ ئامادە نییە، ئەگەرچی قسەی کۆتایی پاش مەشقەکانی ئەمڕۆ چاڤی هێرناندێز دەیکات لەبارەی یاریکردن یان نەکردنی ئەو یاریزانەوە. بەڵام بێگوامان بڕیاری چاڤیش هەر ئەوەیە کە ئەو یاریزانە بەشداری لە کلاسیکۆدا ناکات.
 
پێشتر چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا دڵنیابوو لەوەی کە ئەو یاریزانەی ناوەڕاست بەر لە کلاسیکۆ ئامادە دەبێت، بەڵام دیارە لە دوا کاژێرەکاندا دۆخەکە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە