عێراق یارییەکی گرنگی هەیە و هەزاران هاندەر لە دژی بڕیارەکەی فیفا دەچنە یاریگە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق یارییەکی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی زامبیا دەکات، بەر لەوەی رووبەڕووی هەردوو هەڵبژاردەی ئیمارات و سوریا ببێتەوە، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـدا.
 
کاژێر 20:00 لەسەر یاریگەی مەدینە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، یوسف سەعید، ناوبژیوان کورد یارییەکە بەڕێوەدەبات کە ئەمە دووەم یارییە لەو یاریگەیەدا دەکرێت، دوای یاریی عێراق و گابۆن.
 
هەڵبژاردەی عێراق ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بە یاریزانی ناوخۆ و بەشێکی یاریزانە پیشەگەرەکان خۆی بۆ یارییەکە ئامادەدەکات، هەڵبژاردەکە لەگەڵ ستافێکی نوێ لە راهێنەران ئەم یارییە و دوو یاریی داهاتووی پاڵاوتنەکانی مۆندیال دەکات، کە عەبدولغەنی شەهد سەرپەرشتی دەکات و سەردار محەممەد، راهێنەری کوردیش سەرکردایەتی ئامادەکردنی یاریزانەکانی عێراق دەکات لە رووی توانای جەستەییەوە.
 
بەڕێوەچوونی ئەم یارییە لە بەغدا لەکاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر فیفا بڕیارییدا مافی بەڕێوەبردنی یاریی عێراق و ئیمارات لە بەغدا وەربگرێتەوە، ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆری لایەنی عێراقیی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەم بڕیارە بە نادادپەروەر ناودەبەن و داوا دەکەن ئەو مافەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
 
بەپێی دوایین پێشهاتەکان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، تۆپەکەیان هاوێشتووەتە یاریگەی ئیماراتەوە و ئەگەر ئەو هەڵبژاردەیە رازیبێت لە بەغدا یاری بکات، ئەگەری هەیە جارێکی دیکە بڕیارەکە گۆڕانکاریی تێدابکرێت و یارییەکە لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
 
یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ عێراق گرنگە و چاوەڕواندەکرێت هەزاران هاندەر بە بانەری جیاوازەوە لە دژی بڕیارەکەی فیفا بچنە یاریگە، جگە لەوەش راهێنەر تارادەیەکی زۆر توانای هەڵبژاردەکە و ئامادەکارییان بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئیمارات دەزانێت.
 
سەردار محەممەد، راهێنەری توانای جەستەیی هەڵبژاردەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " کارێکی زۆریان لەسەر توانای جەستەیی یاریزانەکان کردووە، بەڵام ئەم یارییە دەکرێت ببێتە هەنگاوێکی زۆرباشتر بۆ ئامادەبوونی یاریزانەکان و لە یارییەکەدا توانای یاریزانەکان بەتەواوی دەردەکەوێت."
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا دوو یاریزانی کورد هەن، یەکێکیان شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی یانەی هەولێرە و ئەوەی دیکەشیان دلۆڤان مەهدی، گۆڵپارێزی یانەی تەڵەبەیە کە لەم وەرزەدا لە خولی عێراقدا هەردوو یاریزانەکە لەگەڵ یانەکانیان ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکردووە.
 
هەڵبژاردەی زامبیای میوان چەند رۆژێکە بۆ ئەم یارییە گەیشتووەتە بەغدا، بەڵام بە یاریزانە ناوخۆییەکان بەشداری لە یارییەکەدا دەکات و یاریزانە پیشەگەرەکانی بەهۆی پابەندبوونیان لەگەڵ یانەکانیان نەیانتوانیووە یاوەری هەڵبژاردەکە بکەن.
 
ئالیوشا ئاسانۆڤیچ، راهێنەری کرواتی سەرپەرشتی مەشقدانەوەی هەڵبژاردەی زامبیا دەکات و دڵخۆشیی خۆی بە یارییکردن لە بەغدا پێشاندەدات و دەڵێت " عێراق شایستەی ئەوەیە یاریی نێودەوڵەتیی لێبکرێت."
 
راهێنەری زامبیا گوتی " سەرسامم بە ناوچەی کەرادەی ناوەڕاستی بەغدا، لەوێ پێشوازییەکی زۆر گەورەمان لێکرا و هەستمان بە ئارامی کرد."
 
ئەمە یەکەمجارە هەڵبژاردەی زامبیا سەردانی عێراق دەکات، هەردوو هەڵبژاردە پێشتر یەک یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ئەویش لە ئۆڵیمپیادی سیئول بووە لە 1988 کە هەردوو بە 2-2 یەکسانبوون.
 
دوای ئەم یارییە هەڵبژاردەی عێراق راستەوخۆ خۆی بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئیمارات ئامادەدەکات، کە تاوەکو ئێستا بەتەواوی دیارنییە لە کوێ بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا تەنیا 6 رۆژی ماوە و رۆژی 24ـی ئادار وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکەیە.
 
پێشتر عەندنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رایگەیاندبوو، بەڕێوەچوونی یاریی عێراق و زامبیا لە بەغدا دەکەینە پەیامێک زۆر بەهێز بۆ هەموو ئەو لایەنانەی ترسیان لە یارییکردن لە عێراق هەیە و ئامادەکارییەکی زۆرباشمان بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو کردووە و لە یارییەکەدا دەیبینن.