یانەی چێڵسی هۆتێلێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پێشکێشی تەندروستی دەکات

18-03-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چێڵسی ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

رۆمان ئەبرامۆڤیچ، خاوەنی یانەی چێڵسی ئینگلیزی یەکێک لە هۆتێلەکانی تایبەت بە یانەکەی پێشکەشی تەندروستی شارەکە دەکات، وەک هاوکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

یانەی چێڵسی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، وەک هاوکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، هۆتێلی میلینیۆمی تایبەت بە یانەکە کە دەکەوێتەوە نزیک یاریگەی ستامفۆرد بریچ پێشکەشی کەرتی تەندروستی لەندەن دەکەن بۆ ئەوەی بۆ خزمەتی تەندروستی شارەکە بەکاربهێنرێت.

یانەکە ئەوەشی راگەیاندووە، رۆمان ئەبرامۆڤیچی خاوەنی یانەی چێڵسی پەیوەندیی بە بروس پاک، سەرۆکی تەندروستی شارەکە کردووە و پێی راگەیاندووە کە باشترین هاوکاری لەلایەن یانەکەیەوە ئێستا ئەوەیە هەموو ئەو کارمەندانەی لە هۆتێلەکەشدا کاردەکەن دەهێڵێتەوە و مووچەکانیشیان دەدات.



بەپێی بەیاننامەی یانەی چێڵسی، کارمەندەکانی تەندروستی ماوەیەکی درێژ کاردەکەن و ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و هاتووچۆی درێژ ئەنجامبدەن، بۆیە دەیانەوێت لە رێگەی پێشکەشکردنی ئەو هۆتێلە خزمەت بە پاراستنی تەندروستی ئەوان بکات.

پێشکەشکردنی هۆتێلی میلینیۆم لەلایەن رۆمان ئەبرامۆڤیچی خاوەنی یانەی چێڵسی لەکاتێکدایە، رێژەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا بەرزبووەتەوە و بەو هۆیەشەوە چالاکییە وەرزشییەکان راگیراون، ئەمە جگە لەوەی هودسۆن ئۆدیی یاریزانی یانەکەش تووشی ڤایرۆسەکە بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە