دواخستنی یۆرۆی 2020 کێشە بۆ بارسێلۆنا دروست دەکات

رووداو - هەولێر

بریاری دواخستنی یۆرۆی 2020 کێشە بە یانەی بارسێلۆنا دروست دەکات و رێگەی پێنادات گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێک بکات کە ئامانج بوو لە هاوینی داهاتوودا بیکاتە راهێنەری خۆی.

رۆناڵد کویمانی راهێنەری هۆڵەندی، کە ئێستا سەرپەرشتی مەشقەکانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەکات، رایگەیاند "ئەو مەرجە یاساییەی لە گرێبەستەکەمدا لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی هۆڵەندا هەبوو لەگەڵ دواخستنی یۆرۆ دوادەخرێت".

لە گرێبەستەکەی کویمان لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی هۆڵەندا مەرجێک هەیە رێگە بەو راهێنەرە دەدات لە دوای پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2020 گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر یانەی بارسێلۆنا دەستەوارەیەک پێشکەشی بکات.

کویمان گوتی "لەبەرئەوەی یۆرۆ دواخرا مەرجەکەش دوادەخرێت، چونکە لە گرێبەستەکەدا بە روونی نووسراوە لەدوای یۆرۆ، ئاماژە بۆ هیچ بەروارێک نەکراوە". هەروەها گوتی "بەڵام من بۆ چرکەیەکیش بیرم لەوە نەکردووەتەوە".

زۆر لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە کویمان ئامانجی سەرەکی بارسێلۆنا بوو، بەرپرسانی ئەو یانەیە دەیانویست لەدوای تەواوبوونی یۆرۆی 2020 راستەوخۆ گرێبەستی لەگەڵ بکەن بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە وەربگرێت".

راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، گوتیشی "بەداخەوە کە پاڵەوانێتییەکە دواخرا، چونکە ئێمە دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی باش گەیشتینە پاڵەوانێتییەکە و دەمانویست بەردەوام بین لەسەر ئەو ئاستەمان، بەڵام هەرچۆنێک بێت سوودێکیش لەو دواخستنە وەردەگرین بۆ بەدەستهێنانەوەی یاریزانە پێکراوەکانمان، وەک دێپای".
 
کویمان دواجار گوتی "هەرچۆنێک بێت لە بڕیاری دواخستنەکە تێدەگەین، چونکە گرنگترن شت سەلامەتی و تەندروستی مرۆڤ و رێگەگرتنە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".