رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، خۆشحاڵی خۆی بەوە نیشاندا کە بارسێلۆنا گەیشتووەتە پێشەنگی لالیگا و گوتی "باش نییە سەیری ریزبەندییەکە بکەین، چونکە هێشتا رێگایەکی دوور و درێژ ماوە". هەروەها راهێنەری بارسا دووپاتی لەوە کردەوە کە تەنیا خۆی بڕیار دەدات کێ یاری دەکات و کێ دەگۆڕێت، دەبێت یاریزانەکانی ئەوە قبوڵ بکەن، لیڤاندۆڤسکی بێت یان هەر یاریزانێکی دیکە".
بارسێلۆنا دوای ئەوەی بەزەحمەت 1-0 لە رایۆ ڤاییکانۆی بردەوە، گەیشتە پێشەنگی لالیگا، کە بەجیاوازی گۆڵ لەپێش ریال مەدریدە.
دوای یارییەکە هانزی فلیکی راهێنەری بارسا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانیەتی:
پێموایە ئەمڕۆ ئەوەم بینی کە دوێنێ گوتم پێشبینی دەکەم، ئەوان وەک تیپێک یاری دەکەن، رایۆ زۆر بەباشی یاری کرد. یارییەکە قورس بوو بۆ یاریزانەکان. بەدڵنیاییەوە هەندێک هەلمان لەدەستدا، و بەم ئەنجامە کۆتاییهات، ئێمەش دڵخۆشین، زۆر دڵخۆشین بەو سێ خاڵەی دوای یارییەکی وەک ئەم یارییە بەدەستمان هێناون.
وەک پێشتر گوتم، باش نییە سەیری ریزبەندییەکە بکەین، چونکە هێشتا رێگایەکی دوور و درێژ ماوە. من دڵخۆشم لەپێناو هاندەران و یانەکە، چونکە ئەوان شایستەی ئەم شوێنەن، هەمیشە دەڵێین تاوەکو کۆتایی شەڕدەکەین و ئەوەش هەرگیز ناگۆڕێت، ئێمە دەبێت تا کۆتایی شەڕ بکەین، دەمانەوێت یاری لەدوای یاری ئەوە بکەین تاوەکو وەرزەکە تەواو دەکەین.
لیڤا، پێموایە هەمیشە دەیەوێت گۆڵ تۆماربکات و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام بڕیار لای منە و بۆ تیپەکەم بڕیار دەدەم، نەک بۆ یاریزانەکان، بۆیە ئەوە پەیوەندی بە لیڤاندۆڤسکییەوە نییە. هەمیشە پاڵپشتی لێدەکەم، هەمیشە دەرفەتی دەستپێکردنی یارییەکانی پێدەدەم، دڵخۆشم بە ئاستەکەی، ئەمشەو گۆڵێکی زۆر گرنگی بۆ ئێمە تۆمارکرد، بەڵام من یاریزانەکان دەگۆڕم و دەبێت قبوڵی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ