ڤیدیۆ؛ ئەمشەو بایرن و سێلتیک یارییە بەهێزەکەی چامپیۆنزلیگ ئەنجام دەدەن

18-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ سێلتیک بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن دەیەوێت رێگەکەی بۆ گەیشتن بە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا تەواو بکات، کاتێک لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پلەی ئۆفدا بەرامبەر یانەی سێلتیکی سکۆتلاندی یاری دەکات.
 
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی یاریی گەڕانەوەی قۆناخەکەدا، بایرن میونشن لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لە ئالیانز ئارێنا میوانداریی سێلتیک دەکات، یانەکە دەیەوێت رێگەکەی تەواو بکات، دوای ئەوەی لە یاریی چووندا لە دەرەوەی یاریگەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا، بایرن بەئەگەرێکی زۆرەوە لە تواناکانی هاری کەین، گۆڵکار و باشترین یاریزانی یانەکەی بێبەش دەبێت، بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی رابردووی بوندێسلیگادا بەرامبەر یانەی بایرلیڤەرکوزن تووشی بوو و نەیتوانی لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا لەگەڵ یانە باڤارییەکە راهێنان بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بایرن دەیەوێت لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی بایرن میونشن و سێلتیک، لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر یەکێک لە یانەکانی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، یان ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی یاری دەکات.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، راهێنەرانی هەردوو یانە قسەیان بۆ میدیاکارن کرد، و ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
 
ڤینسێنت کەمپەنی راهێنەری یانەی بایرن میونشن:
 
پێکانەکەی هاری کەین سەخت نییە. ئێمە کاتێکی زۆرمان نییە بۆ پشوودان و ئامادەکاری لەنێوان یارییەکاندا، بارودۆخی پێکانەکە هەڵدەسەنگێنین، بەڵام دڵنیام هیچ پێکانێکی خراپی نییە. پەیوەندی بە نەبوونی کاتێکی تەواوەوە هەیە بۆ پشوودان و چاکبوونەوە. یارییەکە بۆ ئێمە  زۆر گرنگە، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە دەچینە ئەو یارییەوە. لە یاریگەی خۆماندا یاری دەکەین، کە لە یاریگای خۆماندا زۆر بەهێزین. هەفتەی رابردوو لە سێڵتیک پارک یاریمان کرد و ئەمجارەیان لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا یاری دەکەین، کە شوێنێکی تایبەتە بۆ ئێمە و هاندەرانیش بەشێکن لەوە.
 
سەبارەت بەشێوازی یاریکردنی سێلتیک؟ ئەوە پرسیارێکی باشە، و دیارە دەبێت لە هاوکارەکەم برێندان رۆجێرز بپرسیت. زۆر شت هەیە کە دەکرێت لە یارییەکدا رووبدات، ئێمە هەمیشە خۆمان بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادە دەکەین، جا ئەوان بە بەرگریکردن یاری بکەن یان گوشار دروستکردن لەپێشەوە. وردەکارییەکان جیاوازی دروست دەکەن، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە لەڕووی هزرییەوە ئامادەبین بۆ دووبارەکردنەوەی ئەوەی زۆرجار کردوومانە، کە ناتوانم بڵێم سێ خاڵەکە دەبەینەوە، بەڵام دەزانن مەبەستم چییە، وانییە”.
 
 
برێندان رۆجێرز راهێنەری یانەی سێلتیک:
 
سەبارەت بەئەگەری یارینەکردنی هاری کەین؟ هیچ شتێک ناگۆڕێت، ئێمە پێویستیمان بە بردنەوەی یارییەکە هەیە، کە دەمانەوێت بیبەینەوە. ئەگەر هاری ئامادە نەبێت، بێگومان زیانێکی گەورە دەبێت بۆ ئەوان. بەڵام دڵنیام یاریزانی دیکەی ئاستبەرز و جیهانییان هەیە، کە دەتوانن جێگەی بگرنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکەم ئامادەبێت بۆ یارییەکە.
 
گومانم لەوە نییە کە هەر کەسێک سەیری یارییەکە بکات، ئێمە وەک بەربژێری خاوەن کەمترین چانس دەبینێت، ئەوەش روون و ئاشکرایە، ئێمە بەرامبەر تیپێکین کە داهاتێکی زۆر و هەموو شتێکی هەیە، ئێمە رێز لەوە دەگرین، بەڵام ئەوە هیچ شتێک بۆ ئێمە ناگۆڕێت. ئێمە لەوە تێدەگەین کە یارییەکە چەندە گەورە و رکابەرییە. دەزانین ئەگەر لە ئاستی راستەقینەی خۆماندا یاری بکەین، دەتوانین یارییەکە لەسەر بایرن قورس بکەین. بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئێمە وەک تیپی خاوەن کەمترین چانس دەست بە یارییەکە دەکەین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە