ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا گەڕایەوە پێشەنگی لالیگا

18-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بارسێلۆنا
بارسێلۆنا
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجامە باشەکانی یانەی بارسێلۆنا لەسەر ئاستی ئیسپانیا بەردەوامن و یانەکە گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا، دوای ئەوەی لە رایۆ ڤایکانۆی بردەوە.
 
یارییەکە لە گەڕی 24ـی خولەکە لە یاریگەی بلاوگرانا بەڕێوەچوو، خاوەن یاریگە یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
 
دوای چەند هێرشێکی هەردوو یانە بۆ سەر گۆڵی یەکدی، لێدانێکی سزا بۆ بارسێلۆنا لە رێگەی ڤارەوە هەژمارکرا و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە خولەکی 28 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەدا گەیاندە 20 گۆڵ.
 
دوای ئەوە رایۆ چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی بارسا، بەڵام لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە سەرکەوتوو نەبوو، سەرەڕای ئەوەی گۆڵێکی تۆمارکرد و گۆڵەکە رەتکرایەوە.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکە هێرشەکانی هەردوولا بەردەوامبوون، بەڵام گۆڵی دیکە نەبینرا، بارسێلۆنا یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانە مەدریدییەکە بردەوە، پێش دوو مەدریدی دیکە کەوت و گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا.
 
بارسێلۆنا لەم وەرزەی لالیگادا، خاوەنی زۆرترین بردنەوەیە 16 یاریی بردووەتەوە، 65 گۆڵی تۆمارکردووە و بەهێزترین هێڵی هێرشبەری هەیە، ئێستا یانەکە خاوەنی 51 خاڵە و 11 یارییە لەسەریەک نە دۆڕاوە و لەو 11 یارییەدا 9 بردنەوەی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هەبووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە