ئامەدسپۆر پێشەنگی خولی پلە دووی تورکیای گرت

18-02-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، سێ خاڵی لە دەرینجەسپۆر وەرگرت و پلەی یەکەمی لە ریزبەندی خولی یانە پلە دووەکانی تۆپی پێی تورکیا گرت.
 
یانەی ئامەدسپۆر رۆژی یەکشەممە 18-2-2024 لە پارێزگای کۆجائەلیی تورکیا رووبەڕووی دەرینجەسپۆر بووەوە. ئامەدسپۆر لە سەرەتاوە زیاتر کۆنترۆڵی تۆپ و یاریگەی کرد و چەند هەلێکی لەدەستدا. لە دوا چرکەکانی گێمی یەکەمدا یاریزان ئوغور ئادەم گەزەر، گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی ئامەدسپۆر تۆمارکرد. 
 
هەروەها لە خولەکی 61 یاریزان مەرد چاپار، گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و ئامەدسپۆر یارییەکەی بە دوو گۆڵی خاوێن بردەوە.
 
ئامەدسپۆر بووە یەکەمی خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا
 
ئەم بردنەوەیەی ئامەدسپۆر زۆر گرنگ بوو، چونکە یانەکە بەو بردنەوەیە شوێنی خۆی لە پێشەنگی گرووپی سووری خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا قایم کرد. پێشتریش ئامەدسپۆر چەند جارێک خۆی گەیاندووەتە پلەی یەکەم و دواتر دابەزیوە. 
 
ئێستا لە کۆی 25 یاری، 53 خاڵی کۆکردووەتەوە و یەکەمی گرووپی سوورە. یانەی ئیدرسپۆر، 24 یاریی کردووە و بە 52 خاڵ پلەی دووەمی گرووپی سووری گرتووە. هەروەها کاستامۆنو سپۆر و 24ئەرزینگان بە 49 و 48 خاڵ لە پلەکانی سێیەم و چوارەمن. 
 
گرووپی سوور و گرووپی سپی چین؟
 
لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا، یانەکان بەسەر دوو گرووپ دابەشکراون کە 19 یانە لە گرووپی سوورن و 19شیان لە گرووپی سپین. ئەو یانانە تا کۆتایی خولەکە بە شێوازی چوون و هاتن رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و بەگوێرەی کۆی خاڵەکانیان لە ریزبەندیی گرووپەکەدا شوێن دەگرن.  
 
ئامەدسپۆر نزیکە لە گەیشتن بە خولی پلەیەکەکانی تورکیا
 
ساڵانە سێ یانەی پلە دووی تورکیا دەبنە پلە یەک. دوای تەواوبوونی خولی یانە پلەدووەکان، یانەیەک دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سوور و یانەیەکیش دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سپی. ئەم دوو یەکەمە راستەوخۆ دەگەنە خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیا. هەروەها دووەمەکانی هەردوو گرووپ (سوور و سپی) رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و براوە دەچێتە خولی یانە پلەیەکەکان. 
 
ئامەدسپۆر ئەم ساڵ رکابەرییەکی تووند لەسەر ئەوە دەکات خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا. ئەگەر بەمشێوەیە لە پلەی یەکەمدا بمێنێتەوە، راستەوخۆ دەبێتە پلە یەک.  
 
یانەی وان دووەمی گرووپی سپییە
 
لە گرووپی سپیی یانە پلەدووەکانی تورکیاش هەمان رکابەری هەیە. یانەی وانیش هاوشێوەی ئامەدسپۆر 25 یاریی کردووە و 53 خاڵی کۆکردووەتەوە، بەڵام یانەی ئەسەنلەرئەرۆک لە 24 یاریدا 56 خاڵی کۆکردووەتەوە و یەکەمە. وان لە پلەی دووەمی گرووپی سپییە و رکابەری دەکات. هەروەها یانەکانی ترابزۆن1461 و بوجاسپۆر هەریەکەیان 48 خاڵیان هەیە و لە پلەکانی سێیەم و چوارەمن.
 
یانەی وانسپۆر لە پێنج یاریی رابردوویدا چوار سەرکەوتن و یەکسانبوونێکی هەیە. ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، نیو پلیت بەدەستدەهێنێت و رووبەڕووی دووەمی گرووپی سوور دەبێتەوە. ئەگەر یارییەکە بباتەوە دەچێتە خولی یانە پلەیەکەکان.
 
هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر ماوەی حەوت ساڵە مافی ئەوەیان نییە لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی یانەکە پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن، هەرچەند قەدەخەکە هەڵگیراوە، بەڵام بەهۆی گوشاری هاندەرانی یانەکانی بەرامبەریان، تائێستا لە شارەکانی تورکیا رووبەڕووی رێگری دەبنەوە.
 
یانەی ئامەدسپۆر
 
یانەی ئامەدسپۆر ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی (سوور-سەوز-سپی)یە سەرەتا لە ژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللـیەکانی ئامەد دەکرد.
 
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا. ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا. ئەو یانەیە هەوراز و نشێوی زۆری بڕی. وەرزی 2013-2014 لە نیو پلیتی بۆ خولی پلەدوو بەدەستهێنا، بەڵام لە یاریی بەرامبەر ئاڵانیاسپۆر دۆڕا و لە خولی پلە دوو مایەوە. 
 
ناوەکەی کرایە ئامەدسپۆر
 
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر. سەرەتا دژایەتیی زۆری ئەو یانەیە کرا و بەهۆی ناوەکەیەوە گوشاری زۆری لەسەر دروستکرا، بەڵام دواتر پەسندکرا. ئەگەرچی تا ئێستاش لە یارییەکانی ئامەدسپۆر زۆربەی جار گرژی و پشێوی دروستدەبێت. 
 
ئامەدسپۆر و دیاربەکرسپۆر دوو یانەی جیاوازن
 
دیاربەکرسپۆر و ئامەدسپۆر دوو یانەی جیاوازن و هەردووکیان نوێنەرایەتیی پارێزگای ئامەد دەکەن. یانەی دیاربەکرسپۆر 24-6- 1968 دامەزراوە و رەنگی درێسەکەی سوور و سەوزە. ئێستا یانەی دیاربەکرسپۆر ئێستا لە خولی یانە پلەدووەکان یاری دەکات. لە کۆمەڵەی سپی یاری دەکات، لە کۆی 25 یاری 39 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی حەوتەمی گرتووە.
 
یانەکە لە دوایین پێنج یاریدا، سێ بردنەوە و دوو دۆڕانی هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە