فیلیپ لام، لە یادەوەرییەکانی بردنەوەی مۆندیالەوە بۆ میوانداریکردنی یۆرۆی داهاتوو


رووداو دیجیتاڵ

فیلیپ لام، تەماشای ئەو یاریگەیە دەکات کە ساڵانێک ئەمسەروئەوسەری تێدا دەکرد و ماوەی دەیە و نیوێک تێیدا مایەوە، ئەو رێگە بەیادەوەرییەکانی دەدات جارێکی دیکە بێنەوە بەرچاوی.
 
ئەوە هەمووی لە حوزەیرانی 2006دا بوو، ئەو رۆژەی سەرەتای هاوینێکی درێژ و گەرمبوو کە تێیدا ئەڵمانیای نوێ، خۆی بەکراوەیی بەرامبەر جیهان پێشاندەدا.
 
لام دەترسا لەوەی بەشداریی لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەی لە جامی جیهانیدا نەکات، کە لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنا بەڕێوەدەچوو، پاشئەوەی نەشتەرگەری لە ئانیشیکدا ئەنجامدابوو، بەڵام دوای ئەوە هەستی بەدڵخۆشییەکی پەردەپۆشکراو بەترسکرد، لەبەرئەوەی ئیدی دەکرا جارێکی دیکە یاریی بکاتەوە.
 
ئەو خۆشییە زۆری نەخایاند، دوای تەنیا شەش خولەک لە بەشدارییکردن لە یاریی بەرامبەر کۆستاریکا، ئەو بەتۆپەوە خۆیکرد بەنێو دوو بەرگریکەری ئەو هەڵبژاردەیەدا و گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد.
 
فیلیپ لام بەشی زۆری کاروانی خۆی لەگەڵ بایرن میونشن بەسەربرد، ئەو دەڵێ، "ئەوکات پارچە پلاتینێک لە ئانیشمکدا دانرابوو دوای نەشتەرگەرییەکە، ناوبژیوان دەبوو پێش دەستپێکردنی یاریی لە ژووری جلگۆڕیندا تەماشای بکات و بڕیار لەبارەی چارەنووسی بەشدایکردنمەوە بدات، کاتێک پاش لێوردبوونەوە گوتی هیچ کێشەیەک نییە و رێگر نییە لە یارییکردنم، ئەوە مەزنترین ساتی ژیانی من بوو".
 
لام پێنج کیلۆمەتر دوور لەو یاریگەیەی یارییەکەی تێدا ئەنجامدەدرا لەدایکبووبوو، ئەو دەڵێ هەموو ماڵباتەکەم لە یاریگەدابوون کاتی یارییەکە، ئەمە جیا لە چەندین هاوڕێم. من لە ژیانی یارییکردنمدا گۆڵی زۆرم تۆمارنەکردووە، لەبەرئەوە تۆمارکردنی ئەو گۆڵە ساتێکی ناوازەبوو. دوای گۆڵەکە رێگەمدا هەستەکانم بتەقنەوە، نەمدەزانی لە یاریگەدا دەبێ چۆن ئاهەنگ بگێڕم.
 
کاتێک لام تەمەنی بیست و دوو ساڵ بوو، پێشبینی نەدەکرد، دوای حەڤدە ساڵ لە تۆمارکردنی ئەو گۆڵە لە یاریی کردنەوەی مۆندیالی 2006، سەرپەرشتیکردنی دۆسێی میوانداریکردنی یۆرۆی 2024ی پێ بسپێردرێت، کە هاوینی داهاتوو ئەڵمانیا میوانداریی دەکات.
 
ئەنجامی کارەکانی ئەو کاتێک دەرکەوتن کە تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە لە هۆڵی ئیلب فیلهارمۆنیی بەناوبانگ لە هامبۆرگ ئەنجامدرا. 
 
ژیانی لام پڕیبوو لە گواستنەوە بۆ وڵاتە جیاوازەکانی کیشوەرەکە لەگەڵ بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، کە ئەوکات لە باشترین دۆخی خۆیدابوو. ئێستا دەتوانێ باسی هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بەسەردانیکردنی یاریگەکانی میوانداریکەری پاڵەوانێتییەکە بکات. هەروەها دەتوانێ بەشداریی لە گفتوگۆکانی تایبەت بەژێرخان و وردەکاریی تایبەت بە سپۆنسەرەکان بکات.
 
لام دەزانێ کە پاڵەوانێتییەکی تۆپی پێ، چۆن دەتوانێ بۆچوون و بیرکردنەوەکان بۆ هەتا هەتایە بگۆڕێت. ساڵی 2006 ئەڵمانیا هێشتا هەنگاویدەنا بۆ یەکخستنەوەی خاکەکەی، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەڵەرەشەی بەهۆی جەنگی دووەمی جیهانییەوە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتبوو.
 
لام دەڵێ، "ئەو هەفتانە زۆر تایبەتبوون. ئێمە کۆمەڵگەیەک بووین جارێکی دیکە پێکەوە دەژیاین و گەورەدەبووین، توانیمان خۆمان پێشانی دونیا بدەینەوە. پێشانی جیهانماندا ئێمە کێین، ئێمە مێژوویەکی زۆر باشمان نییە، بەڵام هەمووان بە رێگەیەکی نوێ ئاشنای ئێمە بوون".
 
لام چیرۆکی یەکێک لە هاندەرەکان دەگێڕێتەوە لە هەمان یاریگەدا، ئەو هاندەرە نەیتوانی رێگە بەفرمێسکەکانی خۆی بگرێت، کاتێک سروودی نیشتمانیی بەر لە یاریی نێوان ئەڵمانیا و سوێد لە قۆناخی شانزەی مۆندیالەکە لێدرا. ئەوە تاکە دیمەنی لەو شێوەیە نەبوو. لام دەڵێ، "دوای یاریی یەکەم، ئیدی خەڵک ئازایەتیی ئەوەیان بەدەستهێنایەوە ئاڵای وڵاتەکەمان بەرز بکەنەوە و سروودی نیشتمانیی بڵێنەوە، ئەمە کارێکبوو پێشتر نەدەبینرا و سرووشتی نەبوو، بەڵام ئەو دۆخە لە رێگەی تۆپی پێ و بەهاکانییەوە گۆڕا. ئەمە تەنیا بەبۆنەیەکی مەزنی وەک جامی جیهانی دەکرا، ئێستا هەلێکی مەزنمان هەیە ئەمساڵ، کۆمەڵگەکەمان بەشێوەیەکی نوێ پێشانی جیهان بدەینەوە".
 
لە راستیدا لێدوانەکان و قسەکانی لام، قسەی ئاسایی سیاسی یان کەسایەتییەکی بیرۆکراسی نین، بەڵام لام هەموو ئەو شتانەی کە دەیانگێرێتەوە، بەچاوی خۆی بینیوە، لەگەڵیدا ئاراستەی مێژووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بەهێزی گۆڕی کە ئەوکات لەگەڵ یۆرگن کلینسمانی راهێنەر پلەی سێیەمی جیهانی بەدەستهێنا، لام دەڵێ، "ئێمە تیپێکی باشبووین، بەڵام بەبێ ئەو جۆشوخرۆشە، نەماندەتوانی بگەینە ئەو شوێنەی پێی گەیشتین".
 
میوانەکانی پاڵەوانێتییەکە، گەرموگوڕی و پێشوازیی ناوازەی ئەڵمانییەکانیان بینی، کە پێشتر لەو وڵاتەدا ئەمە بەدینەدەکرا. لە میونشن گۆڕەپانی مارینپلاتز بووە شوێنی بەیەکگەیشتنی هاندەرە دڵخۆشەکانی هەڵبژاردە جیاوازەکان. تۆپی پێی ئەڵمانیا بووە نموونەیەکی شایستەی لاساییکردنەوە لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەدا. دەستاودەستکردنی نەوەکان لە هەڵبژاردەکەدا سەریکێشا بۆ ئەوەی ئەڵمانیا دوای هەشت ساڵ لەو رووداوە، نازناوی جامی جیهانی بباتەوە.
 
ئەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی ئەڵمانیا دەبنەوە جیاوازە، هۆکارەکەش تەنیا ئەوە نییە کە دەبێ ئەڵمانیا خۆی بۆ خێرا بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگی ئامادە بکات، پاش چوونە دەرەوەی زووی پێشبینینەکراوی لە سێ مۆندیالی پێشوو، بەڵکو لەبەرئەوەش کە جەنگ و لێکەوتەکانی باڵیان بەسەر هەموو ئەوروپادا کێشاوە، بەجۆرێک کە سێ چارەکی سەدەیەکە شتی وای بەخۆوە نەبینیوە. کەسیش پێشبینی ناکات ئەو پاڵەوانێتییە کە مانگێک بەردەوام دەبێت، سەرکەوتن بۆ ئۆکراینا لە جەنگەکەیدا مسۆگەر بکات، یان بیری راستڕۆی تووندڕۆ بە هەتاهەتا لەنێو ببات. وەرزش خۆی گۆڕاوە، پەیوەندی لەگەڵ جوگرافیا و سیاسەتدا زۆر گەشەی کردووە، بەشێوەیەک کە رووداوە وەرزشییە گەورەکان بوونەتە سۆفت پاوەری دەستی دەوڵەمەندەکان.
 
لام لەوبارەیەوە دەڵێ، "پێشتر لە کاروانی وەرزشیی مندا، تۆپی پێ هێشتا بەو جۆرە بیرکردنەوانە بارگاویی نەکرابوو، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئەوەی ئێستا روودەدات، کێشەی زۆر جیاوازن لە بابەتی پارە".
 
ئەو یاریزانە دەڵێ، "ئەگەر تەماشای هەندێک رووداوی دیاریکراو بکەین، دەبینین تۆپی پێ هەندێکجار نێگەتیڤانە بەکاردەهێنرێت، بەڵام دەبێ بۆنە گەورەکان بەکاربهێنین بۆ دەرخستنی بەهاکانی خۆمان، هەروەها بۆ دەرخستنی ئەوەی لە ئەوروپا دەمانەوێت چۆن پێکەوە بژین. تۆپی پێ لە روانگەی منەوە پەیوەندی بە کولتوور و پرەنسیپەکانەوە هەیە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەبێ تۆپی پێ زیاتربێت لەوەی تەنیا هۆکارێک بێت بۆ پەیداکردنی پارە، تۆپی پێ عەشقی یەکەمی منداڵان و تازەپێگەیشتووان و خۆشەویستانی یارییەکە و هاندەرانە، دەبێ ئێمە دووپاتی بکەینەوە کە هاوینی داهاتوو ئەو یارییە بۆ بەهێزکردنی خۆمان و ئەوروپا بەکاردەهێنین".
 
لە راستیدا، کارێکی قورس نییە تاوەکو ببینین ئەڵمانیا چۆن بە یاریگە جوان و مێژووییەکانییەوە لەم وەرزشەدا، خۆی وەک شنەبایەکی فێنک پێشاندەداتەوە، پاش دوو پاڵەوانێتی کە یەکەمیان رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە و دووەمیان بەهۆی کۆرۆناوە دواخرا. لام کە هەموو کاروانی یارییکردنی لە یەک یانە بەسەربردووە کە بایرن میونشنە و بەهۆی تۆپی پێوە زۆر دەوڵەمەند بووە، بەڵام خۆی بەدەست شتە رووکەشەکانەوە نەداوە، باڵوێزێکی قبووڵکراوی تۆپی پێی ئەڵمانیایە. ئەو هەوڵدەدات، "ئاهەنگێکی گەورە رێکبخات کە هەمووان پێی دڵخۆشن". هەروەها دەیەوێت هەر گەنجێکی هاوشێوەی جولیانی کوڕی، لەوە دڵنیا ببێتەوە کە تۆپی پێی جیهانی لە ئاستێکی بەرزدا دەمێنێتەوە.
 
لام بەزەردەخەنەوە دەڵێ، "کارە خراپەکە ئەوەیە کە کوڕەکەم تەمەنی یانزە ساڵە، بەڵام پێشتر نەیبینیوە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا سەرکەوتووبووبێت". لە راستیدا ئەمجۆرە لێدوانانە راماندەکێشێت بۆ قسەکردن لەسەر کەشی خراپی ژووری جلگۆڕین، کە هۆکاری پشتی شکستی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بوو لە بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2006.
 
ئەوکات یاریزانە ئەزمووندارەکانی وەک یانس لیمان، ئۆلیڤەرکان و مایکڵ بالاک. لەگەڵ یاریزانانی لاوی وەک لۆکاس پۆدۆلسکی، باستیان شڤانشتایگەر و لام، کاتێک ئەزمووندارەکان وازیان هێنا، ئەوان بوونە ناوکی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە ساڵانی داهاتوودا. لام دوای ئەوەی پێشەوایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای کرد بۆ بردنەوەی نازناوی جامی جیهانیی 2014، وازی لە یاریی هێنا و پێیوایە شکستی ماوەی رابردووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، پەیوەندی بەنەبوونی پلانەوە هەیە.
 
لام دەڵێ، "دوای ئەو سەرکەوتنەی لە مۆندیالی 2014 بەدەستمان هێنا، پێموانییە ئێمە بەباشی کارمانکردبێت لەپلاندانان بۆ ئەوەی کە روودەدات. بەرپرسان وایاننەکرد نەوە نوێیەکە ببنە بەرپرسی تیپەکە. تۆ پێویستت بە ناوکی راستەقینە هەیە بۆ هەڵبژاردەکە و ئەو یاریزانانەی بەئازایەتییەوە یارییدەکەن، هەروەها بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت کێ بەرپرسە لە تیپەکە، بەڵام کارەکە بەشێوەیەکی سرووشتی گەشەی نەکرد. گۆڕانکاریی زۆر هەبوون، بەڵام ئەو ناوکە راستەقینەیەی بۆ هەڵبژاردەکە پێویستبوو، هەرگیز دروستنەبوو".
 
ئەوە سەریکێشا بۆ کەوتنی دراماتیکیی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە پاش ساڵانێک لە درەوشانەوە، چوونە دەرەوە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی هەردوو مۆندیالی 2018 و 2022، شکستهێنان بەرامبەر ئینگلتەرا لە قۆناخی دووەمی یۆرۆی 2020. هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئاستی باشی پێشکێشنەکرد، ئەگەرچی چەندین یاریزانی باشی وەک سێرج نابری، لیرۆی سانێ، ئێلکای گوندۆگان، جۆشوا کیمیچ و ئانتۆنیۆ رۆدیگێری هەیە.
 
یولیان نایگێلسمان کە لەوانەیە قومار بەکاروانی ناوبانگی خۆیەوە بکات، لە رێگەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیاوە، لە دۆخێکی ئاوها قورسدا، لە کاتێکدا ئەو تەمەنی تەنیا سی و شەش ساڵە، ئێستا ئیدی لەبەردەم تاقیکردنەوە راستەقینەکەدا دەبێت.
 
نایگێلسمان کە ئەیلوولی رابردوو سەرپەرشتی هەڵبژاردەکەی وەرگرت، لە دوو یاریی یەکەمی دۆستانەدا شکستی هێنا بەرامبەر تورکیا و نەمسا. لام پێشتر گوتبووی، سەرکەوتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یۆرۆی 2024 پەیوەست دەبێت بەوەی لە مۆندیالی قەتەر چی پێشاندەدات. ئەگەر تاوەکو ئێستا ئەو بۆچوونە راست بێت، ئێستا هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەو پاڵەوانێتییەدا کە میوانداریی دەکات، دەناڵێنێت.
 
لام لەبارەی نایگێلسمانەوە دەڵێ، "ئەو راهێنەرێکە کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، خاوەنی بیرۆکەی روونە لەبارەی شێوازی یارییکردنی تیپەکەیەوە، ناتوانی پێشبینی بکەی لە پاڵەوانێتییەکەدا چی روودەدات، بەڵام بەدڵنیاییەوە من دەمەوێت، ئەم پاڵەوانێتییە خاڵی وەرچەرخانی گەورەبێت بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا".
 
ئاخۆ ئەڵمانیا دەتوانێ بۆ یەکەمجار لە دوای 1996ەوە نازناوی یۆرۆ بباتەوە؟ لام دەڵێ، "بەڵێ یاریزانمان هەن کە دەتوانن ئەوە بکەن. ئێمە نەتەوەیەکی عاشقی تۆپی پێین، ئەم دۆخە هەمووکات وەکخۆی دەمێنێتەوە، خەڵک پێیانوایە ئێمە توانای رۆیشتن بۆ خاڵی دوورمان هەیە لە پاڵەوانێتییەکەدا، ئەمەش بەهۆی جۆشوخرۆشی گەورەی خەڵکەوە لە وڵاتەکەدا، پاش ئەو ئەزموونەی لە 2006دا بینیمان".
 
ئەمە مانای ئەوە نییە کە لام تەنیا سەرقاڵی بیرکردنەوە لەو ترسانەیە. لام لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی کاریگەری تۆپی پێوە قسەیکردووە، بەتایبەت ئەو گوشارەی رووبەڕووی یاریزانان دەبێتەوە بەهۆی خشتەی قەرەباڵخی یارییەکانەوە، هەروەها پێویستیی خولی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی یاسای 50 + 1 (یاسای 50+1 کورتکراوەی یاساکانی دەستەی خولی ئەڵمانیایە، کە تێیدا هاتووە رێگەنادرێ بە یانەیەکی رکابەر لەسەر ئاستی خولی ئەڵمانیا، رێژەی پشکی وەبەرهێنەران تێیدا 49 لەسەد زیاتر بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە هاندەران هەموو کات بەخاوەنی زۆرینەی پشکەکان دەمێننەوە).
 
لەسەر ئەو بنەمایە، سرووشتییە پرسیار لەبارەی ئەوەوە بکرێت کە دوای پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2024 چی روودەدات. لام نایەوێت پێشبینی ئەوە بکات لە داهاتوودا چی روودەدات، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەیەوێت لە کارکردن لە بواری تۆپی پێدا بەردەوام بێت، بەڵام وا دیارە ئەو یەکێکە لەو کەسایەتییە بێدەنگ و ئارامانەی حەزیان لە کاری کارگێڕییە لە بوارەکەدا، ئەو کەسایەتییانەی دونیای ئێستای تۆپی پێ زۆر پێویستی پێیانە.