بایرلیڤەرکوزن داوای ئەستێرەیەکی ئوردن دەکات

18-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئوردن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، داوای ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی ئوردن دەکات، دوای ئەوەی لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیادا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئوردن و قەتەر، دوو یانە رکابەری لەسەر گواستنەوەی یەزن نەعیمات، ئەستێرە و گۆڵکاری هەڵبژاردەی ئوردن و یانەی ئەهلی قەتەری دەکەن، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا یاریزانەکە ببەنە ریزەکانیان.
 
هەردوو یانەی شەبابی سعودی و بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، ئەو دوو یانەیەن کە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی یاریزانەکە دەکەن، یانە سعودییەکە دەستەوارەیەکی بە 3.2 ملیۆن دۆلار بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە ئامادەکردووە و یانەی بایرلیڤەرکوزنیش ئامادەیە 5.39 ملیۆن دۆلار لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە بداتە یانە قەتەرییەکە.
 
هەوڵەکانی یانەی بایرلیڤەرکوزن و شەباب بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە ئوردنییەکە لەکاتێکدایە، یاریزانەکە پێشتر گرێبەستەکەی تاوەکو وەرزی 2025-2026 لەگەڵ یانەی ئەهلی قەتەر نوێکردووەتەوە.
 
یەزن نەعیمات، یەکێک بوو لەو یاریزانانەی لە جامی ئاسیادا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، یاریزانەکە 4 گۆڵی تۆمارکرد و رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە گەیاندنی هەڵبژاردەکەی بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، کە یەکەمجار بوو لە مێژوودا ئوردن بگاتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا.
 
یەزن نەعیمات، تەمەنی 24 ساڵە و لە ساڵی 2020ـەوە لە یانەی ئەهلی قەتەری یاریی دەکات و لەم وەرزەی خولی قەتەریشدا 4 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە.
 
لە ئەگەری گواستنەوەی یەزن نەعیمات، لەلایەن یانەی بایرلیڤەرکوزنەوە، یاریزانەکە دەبێتە دووەم یاریزانی ئوردنی لە رکابەرییەکانی خولێکی گەورەی ئەوروپا یاریی بکات، لەکاتێکدا ئێستا موسا تەعمەری، هێرشبەری هەڵبژاردەکە لە خولی فەرەنسا یاریی بۆ یانەی مۆنپێلێی فەرەنسی دەکات.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە