بۆچی ئێمباپێ بەرامبەر نانت کرایە یەدەگ؟

18-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، لە دوایین یاریی پاریس سانجێرماندا لە خولی فەرەنسا لەسەر کورسیی یەدەگ بوو، بەبێ ئەوەی یاریزانەکە هیچ پێکانێکی هەبێت، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش هۆکاری دانیشاندنی یاریزانەکە لەسەر کورسی یەدەگ ئاشکرا دەکەن.
 
ئێمباپێ لە نیوەی دووەمدا بەشداریی لە یارییەکەدا کرد و بەلێدانی سزا گۆڵی دووەمی بۆ یانەی پاریس سانجێرمان تۆمارکرد، کە یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی پاریسییەکان تەواو بوو.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، لەبارەی ئەوەی کیلیان ئێمباپێ لەو یارییەدا بەشێوەی یەدەگ یارییکردووە دەڵێت "لویس ئێنریکێ لە دانیشاندنی ئێمباپێ لەسەر کورسی یەدەگ مەبەستی ئەوە بووە، پشوو بە یاریزانەکە بدات، بەهۆی ئەوەی لە یاریی رابردوویاندا لە چامپیۆنزلیگ زۆر هەستی بە ماندووبوون کردبوو."
 
رۆمانۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەوەی روویدا کاری راهێنەرە و پەیوەندیی بە کارگێڕیی یانەکەوە نییە."
 
ئێمباپێ بە یانەی پاریس سانجێرمانی گوتووە ئارامە و هەموو توانایەکی دەخاتەگەڕ تاوەکو مانگی حوزەیرانی داهاتوو، بەڵام هیچ هەلێک بۆ مانەوە لە یانەکە نەماوە، رۆمانۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەمەی نووسیووە.
 
یانەی ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکە دەدات، لە مانگی رابردووەوە دەستەوارەی یانەی شاهانە بۆ یاریزانەکە ئامادەیە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای فەرەنسا، ئێمباپێ بە یاریزانەکانی پاریس سانجێرمانی گوتووە، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا چامپیۆنزلیگ ببەینەوە.
 
پێشتر لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان بەر لە یارییەکەی بەرامبەر نانت گوتی "ئەوە بابەتێکە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەی لەبارەوە بکەن، هەر کاتێک ئەوان قسەیان کرد منیش وەکو راهێنەر بۆچوونی خۆم دەبێت، بەڵام وەک هەمیشە دەیڵێمەوە یانەکە لەسەرووی هەموو یاریزانەکانەوەیە."
 
ئێمباپێ تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی خولی فەرەنسادا 21 گۆڵی تۆمارکردووە و پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە