"پاریس سانجێرمان دانوستاندنی لەگەڵ راهێنەرێکی گەورە دەستپێکردووە"

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، یانەی پاریس سانجێرمان بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی جێگەی کریستۆف گالتێ بگرێتەوە، کە هەڕەشەی دوورخستنەوەی لەسەرە.
 
گالتێ، لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر بایرن میونشن دۆڕا، بۆ وەرزی دووەمی لەسەریەک لە لێواری زوو دەرچووندایە.
 
ماڵپەڕی فەرەنسی، فوت مێرکاتۆ پشتڕاستی کردەوە کە کریستۆف گالتێ لە یانەی پاریس سانجێرمان لەژێر گوشاردایە، بەهۆی تووشبوونی بە 3 شکستی لەسەریەک لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمان پەیوەندی بە جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی تەمەن 60 ساڵانەوە کردووە، بۆ ئەوەی لەبارەی وەرگرتنی پۆستی راهێنەری پاریس سانجێرمان بۆچوونی بزانێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدرید و چێڵسی، ئێستا لەگەڵ یانەی رۆما لە پلەی چوارەمدایە لە خولی ئیتاڵیا، بەڵام خولیای راهێنەرایەتیکردنی کیلیان ئێمباپێ و لیۆنێل مێسی لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئەزموونێک لەگەڵ پاریس سانجێرمان تاقی بکاتەوە.
 
سەرچاوەکە دەشڵێت "هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەنێوان پاریس سانجێرمان و رۆما نەبووە، بەڵکو تەنیا پەیوەندی زارەکی لەنێوان کامپۆس و مۆرینیۆ هەبووە، کە بێگومان مۆرینیۆ تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە واز لە رۆما ناهێڵێت، ئەگەر رازی بێت ئەوا لە هاویندا و بۆ وەرزی داهاتوو دەچێتە پاریس سانجێرمان".
 
مۆرینیۆ ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا لە ساڵی 2024 کۆتاییدێت، دەیەوێت شۆڕشێک لە رۆما بکات، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو یەکەم نازناوی ئەوروپی لە مێژووی ئەواندا بەدەستهێنا، کە بووە پاڵەوانی خولی کۆنفرانسلیگ.