ملیاردێرێکی قەتەری دەیەوێت مانچێستەر یونایتد بکڕێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ملیاردێرێکی قەتەری بە ئامانجی کڕینەوەی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەستەوارەیەکی فەرمیی پێشکێشی خاوەنداریەتی یانەکە کرد و دەیەوێت یانەکە بگەڕێنێتەوە نێو رکابەری بردنەوەی نازناوەکان.
 
شێخ جاسم بن حەمەد ئەلسانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی قەتەری ئیسلامی، کە یەکێکە لە بانکە پێشەنگ و بەنێوبانگەکانی وڵاتەکە دەستەوارەیەکی فەرمیی بۆ کڕینەوەی یانە ئینگلیزییەکە پێشکێشی ماڵباتی گلایزەر کردووە، کە خاوەنداریەتی یانەی مانچێستەر یونایتد دەکات.
 
رۆژی هەینی دوایین وادە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت یانەکە بکڕن، بۆ ئەوەی دەستەوارەکانیان پێشکێشبکەن، میدیای بەریتانیا دەڵێت " دەستەوارەی شێخ جاسم بۆ کڕینەوەی یانەی مانچێستەر یونایتد دەگاتە 4.5 ملیار یۆرۆ."
 
ملیاردێرە قەتەرییەکە لە رێگەی راگەیێنراوێکی فەرمییەوە داواکاریی بۆ کڕینەوەی مانچێستەر یونایتد پێشکێشکردووە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پلانی ئەوەی هەیە، شکۆمەندی بۆ یانەکە لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە بگەڕێنێتەوە و ئامانجی یەکەمیشی ئەوەیە جارێکی دیکە هاندەرانی تیپی تۆپی پێی مانچێستەر یونایتد دڵخۆش بکات.
 
لەو راگەیێنراوەدا هاتووە، یانەکە هیچ قەرزێکی لەسەر نابێت، ئەمەش لە رێگەی دامەزراوەی شێخ جاسمەوە دەبێت کە چاوی لە وەبەرهێنان دەبێت لە تیپەکانی تۆپی پێ، سەنتەری مەشق و یاریگا و فراوانکردنی ژێرخانی وەرزشی یانەکە و ئەو کۆمەڵگایانەی یانەکە پشتگیریان دەکات."
 
بەپێی میدیای بەریتانیا نرخی ئێستای مانچێستەر یونایتد دەگاتە 6 ملیار دۆلار، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی وادەی پێشکێشکردنی دەستەوارەکان گۆڕانکاری لە نرخی یانەکەشدا هاتووە.
 
ماڵباتی گلایزەر لە ساڵی 2005 بەرامبەر 1.4 ملیار دۆلار یانەکەی کڕیووە، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا مانچێستەر یونایتد نەیتوانیووە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی هاندەران ناڕەزایەتی لە دژی ئەو ماڵباتە پێشانبدەن و داوا دەکەن دەستبەرداری یانەکە ببن.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دوای ئەوەی شێخ جاسم دەستەوارەکەی پێشکێشکرد، ملیاردێری بەریتانی جیم راتکلێفیش هاتووەتە نێو رکابەرییەکە و نیازی خۆی بۆ کڕینەوەی یانەکە پێشانداوە، جگە لەوەش پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئیلۆن مەسک و ملیاردێرێکی سعودی رکابەری لەسەر کڕینەوەی یانەکە دەکەن.
 
شێخ جاسم بن حەمەد بن جاسم بن جەبر ئەلسانی، نەوەی حەمەد بن جاسم بن جەبر ئەلسانی، سەرۆکوەزیری پێشووی قەتەرە و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی قەتەری ئیسلامییە.