کاتانیچ هۆکارەکانی ماڵئاواییکردنی عێراق لە جامی ئاسیا ئاشکرا دەکات

18-02-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر

سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند، پێویستە ژمارەی یانەکانی خولی عێراق کەمبکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکە زیاتر پێشبکەوێت.

لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای ماڵئاواییکردنیان لە جامی ئاسیای 2019، کاتانیچ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە بەغدا کرا گوتی، ئەوەی لە جامی ئاسیا پێشکەشمان کرد، بڕوامان پێی هەیە و گۆڕانکاری لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەشدا لە هەموو یارییەکان بە شتێکی ئاسایی ناودەبات.

راهێنەری عێراق زیاتر گوتی، بەشێکی ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و میدیا کاریگەریی خراپیان هەبوو و پاڵەپەستۆییەکی زۆریان خستبووە سەر یاریزانەکان.

کاتانیچ لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، بەشێکی یاریزانەکان ئەوانەی هەڵبژاردەی عێراق کە بەشدارییان لە جامی ئاسیا کرد دووردەخرێنەوە و هەندێک یاریزانی دیکە بانگێشت دەکرێن، بۆ ئەوەش ئەحمەد خەلەفی یاریدەدەری راسپاردووە چاودێری خولی عێراق بکات.

راهێنەرە سلۆڤینییەکە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا داوایکرد، دەستەی پزیشکی هەڵبژاردەکە بەتەواوی بگۆڕدرێت و دەستەیەکی بیانی بۆ هەڵبژاردەکە دابنرێت، هەروەها رەتیشدەکاتەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە دەستەی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە بکات.

هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە قەتەر دۆڕا و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە