وێنە؛ یانەی سۆران دوو یاریزانی پیشەگەر دەگوازێتەوە

18-02-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن قاسم موحسین، حەمادە محەممەد، یاریزانەکانی یانەی سۆران
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی سۆران بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی و گەیشتن بە خولی یانە نایابەکانی کوردستان دوو یاریزانی پیشەگەری گواستەوە ریزەکانی.

یانەکە ئەمڕۆ لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، گرێبەستی لەگەڵ دوو یاریزانی میسری واژۆکرد، بە ئامانجی ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو بگاتە خولی یانە نایابەکانی کوردستان.



فەرمان ئیسماعیل، سکرتێری یانەی سۆران بە رووداوی گوت، ئەو دوو یاریزانە بۆ ئەو چوار یارییەی کە لە خولی پلە یەکی کوردستان ماون پەیوەندییان بە یانەی سۆران کردووە، هەروەها سوپاسی نەهرۆ مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەکات کە هاوکاریی یانەکەی کردووە بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانانە.



قاسم موحسین و حەمادە محەممەد ئەو دوو یاریزانە میسریەن کە یانەی سۆران گرێبەستی لەگەڵ واژۆکردوون، یەکێکیان لە یانەکەدا درێسی ژمارەی 17 و ئەوەی دیکەشیان درێسی ژمارە 23 دەپۆشێت.

قاسم موحسین لە تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی زەمالیکی میسری و حەمادە محەممەدیش لە یانەی بانکی ئەهلی یارییانکردووە.



یانەی سۆران لە قۆناخی کۆتایی خولی پلە یەکی کوردستان، دوو یاریی ئەنجامداوە و 4 خاڵی هەیە، رۆژی چوارشەممەش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی گارە یارییدەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە