رووداو دیجیتاڵ
رۆناڵد ئاراوخۆ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا مەرجێکی سەیری داناوە و هەر کاتێک کرا بە یەدەگ یان کێشەی لەگەڵ راهێنەر هەبوو دەتوانێت بڕوات.
بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا بڕیاریانداوە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ نوێنەرانی رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری یانەکەیان کۆببنەوە و کۆتایی بە بابەتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بێنن.
گرێبەستی ئێستای ئاراوخۆ لەگەڵ بارسێلۆنا لەساڵی 2026 کۆتایی دێت، یاریزانەکەش حەزی دەکرد لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بچێتە یانەی یوڤینتوسی ئیتاڵی.
بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، ئاراوخۆ بەڵێنی بە دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا داوە کە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ بارسا بمێنێتەوە.
دیکۆ بۆ ئاراوخۆ روونیکردەوە کە چاوەڕوانی تاوەکو هاوین باشتر دەبێت، چونکە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە بژاردەی زیاتر و کاتێکی زیاتر بۆ بڕیاردان بەبەراورد بە مێرکاتۆی زستانە دەڕەخسێنێت.
دیداری نوێنەری ئاراوخۆ و دیکۆ دەرفەتێک بوو بۆ روونکردنەوەی ئەو پلانەی داهاتوو کە بارسێلۆنا بۆ ئەو یاریزانە هەیەتی.
جگە لە زیادکردنی مووچە، دیکۆ بۆ بریکاری ئاراوخۆ دووپاتیکردەوە کە ئەو یاریزانە بەشێکی زۆر گرنگە لە پرۆژەی ئێستا و داهاتووی یانەکەدا، هەروەک لامین یامال و پێدری و گاڤی و کۆپارسی.
بەرشەلۆنە بەنیازە گرێبەستی بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە تا ساڵی ٢٠٣٠ درێژ بکاتەوە.
ئاراوخۆ نزیکە لە واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکەی بەهۆی ئەو بڕگەیەی کە بەرشەلۆنە پێشنیاری کردووە بۆ ئازادکردنی، کە دەتوانرێت لە هاوینی داهاتوودا کارابکرێت بۆ ئەوەی بچێتە شوێنێکی دیکە.
بڕگەی ئازادکردنی ئاراوخۆ ڕێگەی پێدەدات ئەگەر تا کۆتایی وەرز لەگەڵ هانسی فلیکی ڕاهێنەر نەگەیشتە لێکتێگەیشتن، یان ئەگەر دوای چاکبوونەوەی ئینیگۆ مارتینێز لە پێکانەکەی ببێتە یاریزانی یەدەگ.
لە بڕگەکەدا هاتووە، ئەگەر ئاراوخۆ ژمارەیەکی دیاریکراوی یارییەکان ئەنجام نەدات، ئەوا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بۆ بڕە پارەیەکی دیاریکراو کەم دەکرێتەوە کە هاوتای بەهای بازاڕەکەی بێت، بەجۆرێک یانە گەورەکان بتوانن گرێبەستی لەگەڵ بکەن، هاوکات بارسێلۆناش دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە بە فرۆشتنی بڕە پارەیەکی گونجاو وەردەگرێت بۆ گەڕان بەدوای جێگرەوەیەک لەهەمان ئاستیدا.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "بارسێلۆنا گەشبینە بەوەی لەماوەی هەفتەی داهاتوودا ئاراوخۆ گرێبەستە نوێیەکە واژۆ بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ