کوێنتراو لە گەندەڵییەوە گلاوە

18-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فابیۆ کوێنتراو یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فابیۆ کوێنتراوی یاریزانی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی و هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بووە مانشێتی رۆژنامەکانی وڵاتەکەی، پاش تێوەگلانی لە دۆسێیەکی نایاسایی کە پەیوەندی بەخۆراکە ئاوییەکانەوە هەیە.
 
رۆژنامەی جۆرناڵ دو نوتیسیاس ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی بازرگانیی دەریایی لە پۆرتۆ، کوێنتراویان دەستگیرکردووە، پاشئەوەی بۆیان دەرکەوتووە تۆنێک لە خواردنە دەریاییەکانی پێیە و کارەکەی بەنایاسایی کردووە.
 
ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە، بەر لە حەوت مانگ، کۆمپانیایەکی راوکردنی دامەزراندبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆڵەتی فەرمی بۆ فرۆشتنەوەی خواردنە دەریاییەکان بەدەستنەهێناوە. دەستەی گشتیی ئابووری و سەلامەتیی خۆراک لە پۆرتوگال، داوای لە کوێنتراوکردبوو پڕۆسەی فرۆشتنەوەی خۆراکە دەریاییەکان رابگرێت، تاوەکو مۆڵەتی فەرمی بۆ کارەکە وەردەگرێت، بەڵام ئەو داواکارییەکەی جێبەجێنەکردووە، هەربۆیە پۆلیس داویەتی بەسەر کۆگای کۆمپانیاکەدا و تۆنێک خۆراکی دەریایی مۆڵەتنەدراوی دەستبەسەردا گرتووە.
 
وەک سەرچاوە پۆرتوگالییەکان ئاشکرایانکردووە، پشکنەرانی کارگێڕیی گشتی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاسایش و خزمەتگوزارییەکانی دەریا، دەستیان بەسەر 12 کۆنتێنەردا گرتووە لە کۆگاکەی کوێنتراو کە 760 کیلۆگرامی مۆڵەتنەدراو و نزیکەی 260 کیلۆگرامی مۆڵەتدراو لە خۆراکی دەریایی تێدا بووە.
 
دەسەڵاتداران داوایان لەو یاریزانە کردووە کۆگاکەی دابخات و پڕۆژەکەی رابوەستێنێت.
 
لە بەرامبەردا کوێنتراو ناچاربووە نزیکەی 760 کیلۆگرام خۆراک فڕێبداتەوە نێو دەریا و ئەوەشی کە ماوەتەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستیبەسەرداگیراوە و دەدرێتە رێکخراوە خێرخوازییەکان.
 
رۆژنامەکانی پۆرتوگال گوتویانە، لە کاتی پشکنینەکانی پۆلیسی کەناردەریا و دەزگاکانی دیکە بۆ کۆگاکەی کوێنتراو، رۆژنامەڤانان لە نزیک شوێنەکە کۆبوونەتەوە، بەڵام کوێنتراوی 36 ساڵ، بەڕوویاندا هەڵشاخاوە و دواتر کاتێک یەکێک لەوان دوای کەوتووە بۆ ماڵەوە، ئەو جارێکی دیکە هەڕەشەی کردووە و گوتویەتی، "هەمان هەڵە دووبارە مەکەرەوە، وێنەی ماڵەکەم مەگرە، ئاگادارت دەکەمەوە".
 
کوێنتراو ساڵی 2021 لە تەمەنی 33 ساڵیدا وازهێنانی یەکجاری لە یارییکردن راگەیاند. ئەو پێشتر ماوەی حەوت ساڵ یاریزانی ریال مەدرید بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە