رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕاندنی هەفتەیەکی زۆرباش لەسەر ئاستی جامی سوپەر و جامی شای ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی لالیگا و دەیەوێت جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ رکابەرەکانی کەمبکاتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 20ـی لالیگادا، ئەمشەو یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر خیتافی یاری دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی سێ خاڵی دیکە، جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەکانی ئاتلێتیکۆ مەدریدی پێشەنگ و ریال مەدریدی دووەم کەمبکاتەوە.
یارییەکە کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت.a
بارسا بەکاتێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، دوای ئەوەی جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهینا و لە جامی شادا گەیشتە قۆناخی هەشت.
بۆ ئەم یارییە، ئاندریاس کریستێنسن، رەزامەندیی دەستەی پزیشکی یانەکەی وەرگرتووە و بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەیە.
بارسێلۆنا لە پەیامێکی فەرمیدا بەخێرهاتنەوەی ئەو یاریزانەی بۆ لیستی تیپەکە کرد.
بارسێلۆنا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 38 خاڵ، 5 خاڵ لە ریال مەدریدی دووەمەوە دوورە، خیتافی لە دۆخێکی خراپدایە، لە پلەی پازدەیەمە و لە دوایین 8 یارییدا 5 یاریی دۆڕاندووە.
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، بەپێی ئەزموونی رابردوو لە خولەکەدا، دەزانم گۆڵکردن لە یاریگەی خیتافیدا زەحمەتە.
راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێ، "ئەوەی لەبارەی رابردووەوە دەیزانین ئەوەیە گۆڵ تۆمارکردن لەوێ زۆر زەحمەتە، ئەمڕۆ لەگەڵ تیپەکەدا لەبارەی ئەو خاڵەوە قسەمانکرد و هیوادارم پلانەکەمان بۆ ئەو کارە باش بێت".
هانزی فلیک، هەروەها هەڵوەستەی لەسەر ئەو دەنگۆیانە کردووە کە باس لە ویستی مارکۆس راشفۆرد، هێرشبەری یانەی مانچێستەر یونایتد دەکەن، بۆ یاریکردن بۆ بارسێلۆنا، فلیک دەڵێ، "من زۆر دڵخۆشم بەپێکهاتەکەم و ئەو یاریزانانەی لەگەڵمدان، پێموایە ئێمە تەنیا سێ یاریزانمان هەن کە لە دەرەوەی پێکهاتەکەن، ئینیگۆ مارتینێز لە دەرەوەیە و ماوەیەکی کەم دادەبڕێت، هەروەها مارک بێرنال و مارک ئاندرێ تێرشتیگن، تەنیا سێ یاریزان. دەبێ بڵێم ئێمە لەگەڵ تیمە تەندروستییەکەمان و راهێنەرانی توانای جەستەیی باش کاردەکەین، باشیی هەمووان لە یاریگەدا دەبینین. دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئاندریاس کریستنسنیش گەڕاوەتەوە، ئەمانە بێگومان هەموویان هەواڵی باشن، ئەگەرچی کاری بەڕێوەبەری وەرزشین، بەڵام من دڵخۆشم بە تیپەکەم".
یارییەکانی ئەمڕۆی لالیگا، بەڕووبەڕووبوونەوەی نێوان جیرۆنا و سێڤییا لە کاژێر 16:00 دەستپێدەکات. لێگانێس میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات و ریال بێتیس رووبەڕووی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ