ئەمشەو یاریی کۆتایی پێشوەختە لە میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

یاریی کۆتایی پێشوەختەی پاڵەوانێتی جامی شای ئیسپانیا لە یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەدەچێت، کاتێک لە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکەدا ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دێربیی پایتەختدا میوانداری یانەی ریال مەدریدی هاوشارەکەی دەکات.
 
ئەمە دووەم یاریی نێوان هەردوو یانە دەبێت لە ماوەی هەفتەیەکدا، دوای ئەوەی چەند رۆژێک پێش ئێستا لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا، لە سعودیە رووبەڕووی یەکبوونەوە و ریال مەدرید لە دوو گێمی زیادکراودا سەرکەوتوو بوو لە بردنەوەی یارییەکە بە ئەنجامی پێنج بە سێ.
 
کۆکی کاپتنی ئاتلێتیکۆ مەدرید دوای شکستەکەیان لە جامی سوپەردا رایگەیاند، کاتی "تۆڵەکردنەوە" هاتووە، تەنانەت ئەگەرچی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەرەکەی رەتیکردەوە ئەم زاراوەیە بەکاربهێنێت، بەڵام هەر چۆنێک بێت شکستی دێربیی سوپەر دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ یاریزانانی رۆخیبلانکۆس بۆ پێشکێشکردنی بەهێزترین یاری بەرامبەر ریال مەدرید.
 
ریال مەدرید وەرزی رابردوو دراوسێی سەرەکی خۆی لە جامی شای ئیسپانیا دەرکرد، دوای ئەوەی لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا بە ئەنجامی 3-1 یارییەکەی لێبردەوە، پاش ئەوە پێکهاتەی کارلۆ ئەنچێلۆتی دوای 8 ساڵ توانی نازناوەکەش بباتەوە.
 
مێرێنگێ لە باشترین بارودۆخی خۆیدا دەچێتە ناو دێربییەوە دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی سوپەردا بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بارسێلۆنای رکابەری هەمیشەیی خۆی بردەوە و جامەکەی بەرزکردەوە، بەڵام ئەنچێلۆتی و یاریزانەکانی لەبیریان نەچووەتەوە کە تاکە شکستێک کە لەم وەرزەدا لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا تووشی بوونە، لەسەر دەستی ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە لە لالیگادا، بۆیە ئەرکەکە زۆر ئاڵۆز دەبێت بۆ گەیشتن بە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە رووی ئامارەکانەوە دۆخەکە لە بەرژەوەندی ریال مەدریدایە، چونکە یانەی شاهانە لە دوایین 10 یارییدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆدا شەش جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا ئاتلێتیکۆ مەدرید دوو یاری بردووەتەوە، و دووجاریش یەکسانبوونە.
 
پێشبینی ناکرێت کارلۆ ئەنچێلۆتی بۆ ئەم یارییە گۆڕانکاری لەو پێکهاتەیەدا بکات کە کلاسیکۆی پێئەنجام دا، دوای ئەوەی توانیان ئاستێکی زۆر باش پێشکێش بکەن. کارلیتۆ جارێکی دیکە گەشبینە بەوەی ڤینیسیۆس بەردەوام بێت لە درەوشانەوە، کە زۆر دڵخۆش و ورەبەرزە بەهۆی ئەو هاتریکەی لە دژی بارسا تۆماریکرد و دەکرێت رۆدریگۆش وەک ئەو رۆژە هاوکار و یارمەتیدەرێکی باشی ڤینی بێت، جود بێلینگهامیش رۆڵی هێرشبەری شاراوە ببینێت.
 
بەڵام ئایا سیمیۆنی و پیاوەکانی هەروا بە ئاسانی خۆیان بەدەستەوە دەدەن، یان دۆڕانەکەیان هانیان دەدات بە ئاستێکی بەرز سوپرایزێک بکەن و یانە گەورەکەی ئیسپانیا و ئەوروپا لە جامی شا دەربکەن.