رۆژنامەیەکی ئیتاڵی: ئەوەی قەتەر بە 13 ساڵ کردی، سعودیە بە هەفتەیەک ئەنجامیدا


رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی 'لاگازێتا دیلۆ سپۆرت'ی ئیتاڵی دەڵێ ریازی پایتەختی سعودیە، بووەتە پایتەختی نوێی تۆپی پێ لە جیهاندا.. پاشئەوەی شارەکە لە ماوەیەکی کەمدا، ژمارەیەک رووداوی گەورەی وەرزشی لە خۆ گرت و بەردەوامیشە.
 
سعودیە لە ماوەی رابردوودا، میوانداری جامی سوپەری ئیسپانیای کرد، ئەمشەو ریاز میوانداری جامی سوپەری ئیتاڵیا دەکات لە نێوان هەردوو یانەی میلان و ئینتەرمیلان، رۆژی دواتریش هەر لە ریاز، ئەستێرەکانی هەردوو یانەی نەسڕ و هیلالی سعودی، بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان یارییەکی دۆستانە ئەنجامدەدەن.
 
رۆژنامە ئیتاڵییەکە لە راپۆرتێکدا لەبارەی ئەو رووداوە وەرزشییانەی سعودیەوە دەڵێ، نزیکەی هەموو باشترین یاریزانانی جیهان لەسەر یاریگەی شا فەهدی نێودەوڵەتی لە ریاز لە ماوەیەکی کەمدا یاریدەکەن. لەو ماوەیەدا هەریەکە لە بنزیما، ڤینیسیۆس، مۆدریچ، لیڤاندۆڤسکی، گاڤی و پێدری لە جامی سوپەری ئیسپانیادا لەوێ دەرکەوتن. رۆژی چوارشەممە ئەستێرەکانی وەک لیاو، تیۆ هێرناندێز، ژیرۆ، لاوتارۆ مارتینێز، پارێلا و شکرینیار و چەندین یاریزانی دیکە لە دێربی میلانۆدا لەسەر هەمان یاریگە بەرامبەر یەک یاریدەکەن.
 
لاگازێتا هەروەها دەڵێ، شەوی پێنجشەممە، یارییەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ و مێسی کۆدەکاتەوە، هەر لەو یارییەدا نەیمار، ئێمباپێ، ڤێراتی، ئەشرەف حەکیمی و دۆنارۆما و سێرجیۆ رامۆس دەردەکەون کاتێک پاریس سانجێرمان بەرامبەر ئەستێرەکانی نەسڕ و هیلال لەسەر جامی وەرزی ریاز، رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەوەی قەتەر بە ماوەی 13 ساڵ و لە 2009ەوە ئەنجامیدا بۆ ئامادەکاری لەپێناو میوانداریکردنی جامی جیهانی 2022، محەممەد بن سەلمانی جێنشینی سعودیە لە میانی دونیابینی 'سعودیە 2030' بە ماوەیەکی زۆر کەمتر ئەنجامیدا.
ئەنجامدانی ئەو یارییانە لەسەر خاکی سعودیە، وەک رۆژنامە ئیتاڵییەکە دەڵێ، سەرنجی هەوادارانی تۆپی پێی لە هەموو دونیاوە بۆ وڵاتەکە راکێشاوە، ئەمە جیا لەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی هاندەران و جەماوەری ئەو یانانە لە دەرەوەی سعودیەوە روویان لەو وڵاتە کردووە بۆ بینی یارییەکان و سەرنجی میدیاییش بەهەمان شێوە لەسەر ریاز دەبێت کە تێیدا چەندین ئەستێرە و یانەی گەورە بەرامبەر یەکدی یاریدەکەن.