تێن هاگ: دەتوانم تیپەکەی ئێستامان بە تیپی فێرگسۆن بەراورد بکەم

رووداو دیجیتاڵ

 

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، دووپاتیکردەوە کە یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر کریستال پاڵاس زۆر قورسە، گوتیشی دەبێت 100٪ بیرکردنەوەی یاریزانەکانمان لای یارییەکە بێت.
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی مانچێستەر یونایتد لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 7ـی پرێمەرلیگدا دەبێتە میوانی کریستال پاڵاس.
 
ئێریک تێن هاگ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و لەبارەی تیپی رکابەریانەوە گوتی "یاریکردن لەسەر یاریگەی سێلهێرس پارک قورسە، دەبێت زۆر باش بین و 100% بیرکردنەوەمان لەسەر یارییەکە بێت".
 
ئەو زیاتر گوتی "کریستال پاڵاس وەک تیپێک یاری دەکات، ئەوانیش هەر لە یەکەم ساتەوەختەوە لەپێناو بردنەوە یاری دەکەن، بۆیە دەبێت بە وریایی یاری بکەین و وزەی گونجاو پیشان بدەین بۆ ئەوەی لێیان ببەینەوە، بەڕاشکاوی ئەوە تاکە ئامانجی ئێمەیە لەم یارییەدا".
 
دواتر پرسیاری ئەوەی لێکرا کە دەتوانێت تیپی ئێستای بە تیپەکانی سەردەمی ئەلێکس فێرگسۆن بەراورد بکەی؟ تێن هاگ لە وەڵامدا گوتی "من بڕوام بەوە هەیە، کە تیپەکەی ئێستامان بە تیپەکانی سەردەمی ئەلێکس فێرگسۆن بەراورد بکرێت، تیپەکان دەبێت کاربکەن بۆ ئەوەی عەقڵیەت بنیات بنێن، یارییەکان کاتێک یەکلایی دەبنەوە کە ناوبژیوان فیکە لێدەدات، بۆیە دەبێت یاریزانەکان لە یارییەکەدا بمێننەوە".
 
هەروەها گوتیشی "پێویستمان بە ئەزموونێکی لەو شێوەیەش هەیە کە بەرامبەر سیتی ئەنجامەکەمان گۆڕی، پێویستیمان بەوەیە بۆ ئەوەی زیاتر و زیاتر باشتربین، یاریزانەکانیش لە رووی دەروونییەوە بەهێزتربن".