گەورەترین سوپرایز.. نادال کرایە دەرەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و دوور لە هەموو پێشبینییەکان، رافایێل نادال ئەستێرەی تێنسی ئیسپانیا ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی ئوسترالیا کرد.
 
نادال بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دووەم یارییدا رووبەڕووی ماکێنزی ماکدۆناڵدی ئەمریکی بووەوە، دوور لە هەموو پێشبینییەکان رافا نەیتوانی ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکێشبکات و یارییەکەی بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر دۆڕاند و لە پاڵەوانێتییەکە کرایە دەرەوە.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا تێنسزانە ئەمریکییەکە بەهێزەوە دەرکەوت و توانیی بە 6-4 کۆمەڵەی یەکەم بباتەوە، لە کۆمەڵەی دووەمیشدا بەهەمان ئەنجام هێزی خۆی دووپاتکردەوە، لە کۆمەڵەی سێیەمدا نادال زۆر هەوڵیدا کۆمەڵەیەک بباتەوە، بەڵام ماکدۆناڵد ئەو کۆمەڵەیەشی بە 7-5 لە بەرژەوەندی خۆی کۆتاییهێنا و بە دوو کاژێر و 32 خولەک یارییەکەی بردەوە و یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی بردنەوەی نازناوەکەی کردە دەرەوە.
 
لە ساڵی 2016ـەوە کە ئەوکاتە لە قۆناخی یەکەم کرایە دەرەوە، یەکەمجارە نادال بەم ئەنجامە خراپەوە کاروانەکەی لە پاڵەوانێتیی کراوەی ئوسترالیادا کۆتاییبهێنێت.
 
دوای بردنەوە مێژوویی و گەورەکەی بەرامبەر نادال، تێنسزانە ئەمریکییەکە گوتی " زۆر دڵخۆشم بەم رێگەیە یارییەکەم بردەوە، لەراستیدا ئەمڕۆ زۆرباشم یاریمکرد، هەرچەند لەرووی هزرییەوە یارییەکە قورس بوو، بەڵام توانیم بەدرێژایی یارییەکە وێنەیەکی جوان پێشانبدەم و سەرکەوتووبم لە کۆتاییهێنان بە یارییەکە."
 
ماکدۆناڵد نهێنی سەرکەوتنی ئاشکراکرد و گوتی " هەوڵمدا سەرنجم لەسەر خۆم بێت و بیرکردنەوەم لە یارییەکەدا لەدەستنەدەم، زۆر دڵخۆشم کە بەو شێوەیە بوو و هەموو بیرکردنەوەم لای یارییەکە و دەگەمە قۆناخی داهاتوو."