نەسڕ بە گواستنەوەی هاوڕێیەکی مێسی رۆناڵدۆ دڵخۆش دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕی سعودی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی هاوڕێیەکی لیۆنێل مێسی لە یانەی پاریس سانجێرمان چڕکردووەتەوە و دەیەوێت لە گواستنەوەی زستانەدا بیباتە ریزەکانی.
 
دوای ئەوەی دەیڤد ئۆسپینا، گۆڵپارێزی کۆڵۆمبی یانەکە تووشی پێکانبوو و نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا، یانەی نەسڕ کار بۆ گواستنەوەی کەیلۆر ناڤاس، گۆڵپارێزی کۆستاریکی و یانەی پاریس سانجێرمان دەکات و دەیەوێت بۆ پڕکردنەوەی ئۆسپینا ئەو گۆڵپارێزە بباتە ریزەکانی.
 
میدیای سعودیە دەڵێت " گفتوگۆکانی یانەی نەسڕ لەگەڵ ناڤاس، هەنگاوی باشی بڕیووە و گۆڵپارێزەکە نزیکە لە پەیوەندیکردن بە یانەکە، بەتایبەتیش کە لە یانەی پاریس سانجێرمان یەدەگە و کریستۆڤ گالتێ بەهۆی بوونی جیانلۆیجی دۆنارووماوە پشتی پێنابەستێت."
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی دەڵێت " ناڤاس بیرۆکەی یارییکردنی لە خولی سعودیە بەلاوە سەرنجڕاکێشە و ئامادەیە بچێتە یانەی نەسڕ، بۆ ئەوەش دەیەوێت گرێبەستەکەی بەشێوەی خواستن بێت بۆ ماوەی 6 مانگ، بۆ ئەوەی تواناکانی دووپاتبکاتەوە و جارێکی دیکە لە یانەیەکی ئەوروپا یاری بکاتەوە."
 
ئەوەی ناڤاس بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی نەسڕی سعودی هاندەدات، بوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە لەو یانەیە، بەتایبەت کە گۆڵپارێزە کۆستاریکییەکە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە هەیە و پێشتر لە یانەی ریال مەدرید بەیەکەوە یارییانکردووە.
 
ناڤاس لەم وەرزەدا تەنیا یەک یاریی بەدرێسی پاریس سانجێرمانەوە ئەنجامداوە، گۆڵپارێزەکە بیردەکاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتاییبدات بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی نەسڕ.