رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ئامادەیی تیپەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی ڤیاریال، لە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی جامی شای ئیسپانیا راگەیاند.
ئەنچێلۆتی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا گوتی " ئەمە هەلێکە بۆ دەرچوون لەو بارودۆخە سەختەی پێیدا تێدەپەڕین، یارییەکەی بەرامبەر ڤیاریال قورس دەبێت، بەڵام ئێمە پاڵنەری بەهێزمان هەیە."
رۆژنامەڤانێک پرسیاری لە ئەنچێلۆتی کرد و لێی پرسی، بارسێلۆنا سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات؟ لە وەڵامدا راهێنەری ریال مەدرید گوتی " نامەوێت لەوبارەیەوە قسەبکەم، بارسێلۆنا رکابەرێکی گەورەیە و بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە."
ئەنچێلۆتی لەبارەی یارییەکەی بەرامبەر ڤیاریال بە رۆژنامەڤانانی گوت " لە یارییەکەدا کۆرتوا و بنزیما بەشێوەی سەرەکی یارییدەکەن، پێکانی چوامینی و دەیڤد ئالابا چاوەڕواننەکراوبوون و کاریگەرییان لەسەر ئێمە هەبوو."
راهێنەرە ئیتاڵییەکە دەڵێت " ئەم مانگە بۆ ئێمە ئاڵۆزبوو، وەک ئەوەی من چاوەڕێم دەکرد کە دوای مۆندیال ئەمە رووبدات، پێویستە بەرپرسیارەتییەکە هەڵبگرین، هەمووان پێیانوایە ریال مەدرید مردووە، بەڵام پێویستە ئارامبین و متمانەمان بەخۆمان هەبێت، چونکە وەرزەکە درێژە و خۆمان بەدەستەوە نادەین."
ئەنچێلۆتی گوتی " کرووس لەبارودۆخێکی باشدایە، بەڵام بارودۆخی مۆدریچ جیاوازە و وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەهێزتر دەربکەوێت."
لەبارەی گۆڕانکاریکردن بە کاماڤینگا، راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت " بەرامبەر ڤالێنسیا بەهۆی توانای جەستەییەوە بوو و بەرامبەر بارسێلۆناش لە رووی بەرگرییەوە بەهێزبوو."
رۆژی پێنجشەممە لە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی جامی شای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ڤیاریال یارییدەکات، لەو یارییەدا کە کاژێر 23:00 بەڕێوەدەچێت.
ریال مەدرید چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر لەو یاریگەیەدا دۆڕا و سێ خاڵی لە لالیگادا لەدەستدا، دوای ئەوەش چووە سعودیە بەرامبەر بارسێلۆنا تووشی شکستێکی گەورەبوو و نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ