پەیامی سەرۆکی یانەی زاخۆ لەبارەی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی یانەکە

18-01-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریگەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی زاخۆ دەڵێت " هەموو بژاردەیەکی گونجاو دەگرینەبەر بۆ ئەوەی یاریگەی یانەکە نۆژەنبکەینەوە، بەڵام کارەکە وا ئاسان نییە."
 
بڵند شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " پارەیەکی زۆرمان خەرجکردووە بۆ کڕینی ئامێرێکی تایبەت بە کۆنکردنی زەویی یاریگەی یانەکە و تۆوی یاریگە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە یاریگەکە بۆ قۆناخی دووەمی خولی یانە نایابەکانی عێراق ئامادەبکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامێرەکە نەگەیشتووە و ئەگەری هەیە لەم چەند رۆژەدا بگات."
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ گوتی " هەموو رێکارێک دەگرینەبەر، بە راوێژکردن لەگەڵ کەسانی بە ئەزموون و پسپۆر کاردەکەین بۆ ئەوەی یاریگەکە نۆژەنبکەینەوە، بەڵام دەبێت هەموو لایەک باش بزانن کە ئەمە کارێکی ئاوا ئاسان نییە، لەکاتێکدا ماوەی چەندین ساڵە یاریگەکە تێکچووە و وا بە ئاسانی ناگەڕێتەوە بارودۆخی جارانی."
 
بڵند شەفیق دەڵێت " ئەو 150 ملیۆن دینارەی بۆ یانەی زاخۆ خەرجدەکرێت، بەشێکی زۆری بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە خەرجدەکەین، لەکاتێکدا تێکچوونی یاریگە کاریگەرییەکی خراپی کردووەتەوە سەر تیپەکە و ئەنجامەکانی، هیچ کەسێکیش هێندەی ئێمە پەلەی نییە بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە، بەڵام کارەکە زەحمەتە و پێناچێت لە ماوەی 20 رۆژدا بتوانین شتێکی ئەوتوو بکەین، بەڵام لەو ماوەیەشدا کە خولەکە دەوەستێت هەموو هەوڵێک دەدەین و هەموو بژاردەیەکیش تاقیدەکەینەوە، یارییکردن لە یاریگەی دهۆکیش بۆ ماوەیەک یەکێک لە بژاردەکان دەبێت، تەنیا بۆ ئەوەی یاریگەکە ئامادەبکەین، بەڵام بزانین دەتوانین چی بکەین."
 
لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو یانەکە و گواستنەوەی یاریزانی نوێ بۆ تیپەکە، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت " بارودۆخی یانەی زاخۆ زۆرباشە و لە ریزبەندی خولی عێراقیشدا لە پلەکانی پێشەوەیە، پێویست بە دوو دڵی ناکات و ئێمە پێویستییەکی زۆرمان بە یاریزانی نوێ نییە، وەک هەندێک یانەی دیکە، بەڵام راهێنەر بەپێی پێویستی هێڵەکان داوای یاریزان دەکات و ئەوەی پێویست بێت دەیکەین، هەندێک یاریزانیش لە تیپی خولی کوردستان سەردەخرێن و راهێنەر دەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت."
 
یانەی زاخۆ لە قۆناخی یەکەمی خولی یانە نایابەکانی عێراقدا، لە 19 یارییدا 7 بردنەوە، 9 یەکسانبوو و 3 دۆڕانی هەبوو و ئێستا یانەکە لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە